رەقبوونی خوێنبەرەكانی دڵ

رەقبوونی خوێنبەرەكانی دڵ
نۆرەی دڵ Heart attack یان سینگە كوژێ یان سینگە دڕە Angina روودەدات لە ئەنجامی تەسكبوونەوەی یەكێك یان پتر لە خوێنبەرەكانی تاجیartery Coronary دڵ لە ئەنجامی تووشبوونبان بە رەقبوون Artereosclerosis واتە نیشتنی چینێكی چەوری لەژێر ناوپۆشی خوێنبەردا. هۆكارە یارمەتیدەرەكانی تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەر یان نۆرەی دڵ بریتیتن لە: بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL لە خوێندا، قەڵەوی، كەمی جوولە و كەمی مەشقی وەرزشی، جگەرەكێشان، سترێس و گرژی دەروونی، مەیلی زگماكی واتە بوونی نەخۆشی دڵ بە خێزان، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشی شەكرە. نیشانەكانی نۆرەی دڵ سەرەتا دەستپێدەكەن بە ئازارێكی توند یان فشارێكی توند لە ناوەڕاستی سینگدا كە ماوەیەكی كورت دەخایەنێت و پاش چەند خولەكێك نامێنێت، بەڵام لەوانەیە كە دووبارە سەرهەڵبداتەوە، هەروەها لەوانەیە كە ئازارەكە بۆ شان یان باسكی چەپ یان باسكی راست و چەپ بڵاوبێتەوە، هەندێك جاریش ئازارەكە بۆ پشت و شەویلاكی خوارەوە بڵاودەبێتەوە لەگەڵ هەناسەڕاوكێ. گەلێك جار لەگەڵ سەرهەڵدانی ئازاری سینگدا نیشانەی دیكە لە نەخۆشدا دەردەكەون وەكو ئارەقەكردنێكی زۆر، تێكچوونی گەدە و رشانەوە، سەرئێشەیەكی توند. خۆپاراستن ئەنجام دەدرێت بە كۆنترۆلكردنی كێشی لەش لە سنووری ئاساییدا، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان، خۆراكێكی تەندروستییانە، ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی رۆژانە وەكو رۆیشتن، كۆنترۆلكردنی نەخۆشی شەكرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لە تووشبوواندا.
Top