دەكرێ كە میوە و سەوزە لەناو كیسی پلاستیكPlastic bags یان نایلۆنی داخراو لەناو سەلاجەدا لە پلەی گەرمی 2- 4 پلەی سەدیدا هەڵبگیرێت، بەڵام لە لایەكی دیكەوە كە بەشێكی زۆری سەوزە یان میوە بەر پلاستیك دەكەوێت دەبێتە ئەگەری ئەوەی كە هەندێك ماددەی كیمیایی پلاستیك بگەنە ناو سەوزە یان میوەوە هەتا ئەگەر بە بڕی كەمیش بێت. هەروەها پێچانی خۆراك بە نایلۆن و بە توندی وادەكات كە رووبەرێكی زیاتری خۆراك راستەوخۆ بەر نایلۆن بكەوێت، ئەمەش ئەگەری گواستنەوەی ماددەی كیمیایی لەنایلۆنەكەوە بۆ خۆراك زێتر دەكات بەتایبەتی ئەگەر خۆراكەكە گەرم بێت و بۆ ماوەیەكی زۆر بە پێچراوی بمێنێتەوە. هەڵگرتنی خۆراك بەتایبەتی سەوزە و میوە لە كیسی داخراو لەناو سەلاجەدا بۆ ماوەیەك زیان بە خۆراك ناگەیەنێت، بەڵام دانانی خۆراك لەناو كیسی پلاستیك لە شوێنی گەرمدا باش نییە چونكە بە كاریگەریی گەرمی رێژەیەكی زیاتر لە ماددە كیمیاییەكانی پلاستیك دەچنە ناو خۆراكەوە، هەر لەبەر ئەوەیە كە كوڵاندن لەناو كیسی نایلۆندا (Boil-in-a-bag) زیانبەخشە، هەروەها بە گوێرەی گەرمكردنەوەی خۆراك لەناو دەفری پلاستیكی بە فڕنی مایكرۆوێڤ یان دروستكردنی كێك و خۆراكی دیكە لەناو قاڵبی پلاستیكی كە بەرگەی گەرمی فڕنی كارەبایی دەگرن. گرنگە ئەمەش لەبیر نەكرێت كە هەر كەسێك بۆچوونێكی تایبەتی هەیە سەبارەت بە دانانی خۆراك لەناو كیسی نایلۆندا، هەتا لەكاتی كڕینی خۆراك، بەڵام تا ئێستا هەڵگرتنی خۆراك لەناو كیسی كاغەزدا لە هەموو جۆرەكانی كیسی پلاستیك سەلامەتترە.