ڤیاگرا Viagra ئەم دەنكە شینە تەشیلەییە كە لە لایەن كۆمپانیای دەرمانی پفیزەری Pfizer ئەمەریكی دۆزرایەوە، هەر لە ئاداری ساڵی 1998 كە ئەم دەرمانە كەوتە بازاڕەكانەوە بە هەزاران پاكێتی لێ فرۆشرا و یارمەتی زۆری پیاوانی دا لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ چارەسەركردنی گرفتی لاوازیی سێكسی نێرینە، بەڵام پاش هەواڵی مردنی نزیكەی 120 كەس پاش بەكارهێنانی ڤیاگرا راچێتەكانی بەرەو كەمی چوون، بەڵام هێشتا هەر گەلێك زۆرن. گەلێك لەو مردنانە روویانداوە لەو كەسانەدا كە نەدەبووایە ڤیاگرا وەربگرن لەبەر ئەوەی كە بە سەختی نەخۆشیی دڵیان هەبووە كە دڵیان بەرگەی سێكسكردنێكی ئاسایی نەدەگرت یان دەرمانی نایترێتەكانیان وەرگرتووە كە هەرگیز نابێت لەگەڵ ڤیاگرادا بەكاربهێنرێن. ئەو زیانە لابەلایانەی كە لەوانەیە لەپاش بەكارهێنانی ڤیاگرا رووبدەن بریتین لە: سووربوونەوەی پێست، گیرانی لووت، سەرئێشە، گۆڕان لە بینیندا، ناڕحەتی گەدە. پێش ئەوەی كە ڤیاگرا یان هەر دەرمانێكی دیكە بۆ لاوازیی سێكسی وەربگریت پێویستە كە دكتۆر بڕیار لەسەر بەكارهێنانی بدات. راستە كە ڤیاگرا بە رێژەی پتر لە 75% یارمەتی گەلێك پیاو دەدات، بەڵام نابێ كە هەر پیاوێك لەخۆوە بەكاری بێنێت، چونكە لەوانەیە كە كاریگەریی نەبێت یان مەترسی بخاتە سەر تەندروستی ئەگەر ئەو كەسە: دەرمانە نایترێتەكان Nitrates وەردەگرێت وەكو نایترۆگلیسرین Nitroglycerin یان حەبی بن زمان یان حەبی نایترێتەكانی ئایزۆسۆرباید Isosorbide nitrates بۆ نموونە ئایسۆردیل Isordil، دەرمانی شلبوونەوەی خوێن وەردەگرێت، دەرمانی ئەلفا بلۆكەر بۆ چارەسەری ئاوسانی پرۆستات یان بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن وەردەگرێت، نەخۆشیی دڵ یان پەككەوتنی دڵی Heart failure هەبێت، لە رابردوودا تووشی جەڵتەی مێشك بووبێت، پەستانی خوێنی نزم بێت یان زۆر بەرز بێت، نەخۆشیی شەكرەی هەبێت و بە باشی كۆنترۆڵی نەكردبێت.