قەبارەی كەمەر و ئەگەری نەخۆشیی دڵ

قەبارەی كەمەر و ئەگەری نەخۆشیی دڵ
قەبارەی كەمەر Waist size زانیاری گرنگمان سەبارەت بە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و جەڵتە دەداتێ.ئەم ئەگەرە لە ماوەی 10 ساڵدا لەپاش گەورەبوونی قەبارەی كەمەر زیاتر دەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی فاكتەری دیكەی وەكو جگەرەكێشان و ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە هەر 5 سانتیمەتر زیادبوونی قەبارەی كەمەر ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی لە كۆئەندامی دڵ و سووڕان بە رێژەی 17% زیاد دەكات لە ماوەی 10 ساڵدا، هەتا بەبێ بوونی فاكتەری دیكە كە ئەگەری تووشبوون زیاد دەكەن. قەبارەی كەمەر بە پێوانەكردنی چێوەی كەمەر Waist circumference بە شێوەیەكی ئاسۆیی كە تەریب بێت لەگەڵ زەویدا كە دەكرێت هەر كەسێك بەخۆی پێوانەی بكات. قەبارەی گەورەی كەمەر یان قەڵەویی سك بەوە پێناسەدەكرێت كە چێوەی كەمەر لە 101.6سانتیمەتر پتر بێت لە پیاودا، لە ئافرەتیشدا لە 88.9 سانتیمەتر پتر بێت ،دەگووترێت كە لەوانەیە ئەم كەسانە كەوتبنە سەر رێگا بۆ تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە و نەخۆشیی دڵ، ئەگەر زوو كێشی لەش و قەبارەی كەمەر دانەبەزێنن ئەوا تووشبوونیان حەتمی دەبێت و مەسەلەكە تەنیا بە كات بەستراوەتەوە. قەبارەی كەمەر بۆیە گرنگە چونكە رێژەی زیادی چەوریی لەش دەستنیشان دەكات لەوكاتەی كە لە پێگەیشتووەكاندا كە كێشی لەش زیاد دەكات ئەوا سەرەتا لە ناوچەی ورگ و كەمەر كۆدەبێتەوە، پاش كۆبوونەوەیەكی زۆری چەوری ئینجا بەشەكانی دیكەی لەش دەگرێتەوە.
Top