هۆرمۆن Hormone ماددەیەكی كیمیاییە لە گلاندە كوێرەكانەوە راستەوخۆ دەڕژێتە ناو خوێن و كاریگەریی بەرچاو دەكاتە سەر بەشێك یان پتر لە ئەندام و كۆئەندامەكانی لەش. بڕی كەمیی هۆرمۆن پێویستە بۆ گۆڕینی سیفەتی خانەكانی لەش، بۆیە تێكچوونی هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان مەسەلەیەكی زۆر هەستیارە لە ئافرەتدا. هۆرمۆنەكان رۆڵێكی گرنگیان هەیە لە هەڵبەزین و دابەزینی مەزاجدا و كەوتوونەتە ژێر كاریگەريی خۆراك، مەشقی وەرزشی، نووستن، دەرمان. ئەو حاڵەتانەی كە دەبنە ئەگەری گۆڕانی بەرچاو لە هۆرمۆنەكان و گۆڕان لە مەزاجی ئافرەتدا بریتین لە: دووگیانی، چلە، سووڕی خوێنی مانگانە (عادة)،ماوەیەك بەر لە وەستانی یەكجارەكی عادة Pre-menopause، Menopause. چەندین هۆرمۆن لە لەشدا بەرپرسن لە گۆڕینی مەزاج Mood، بۆ نموونە هۆرمۆنی ئیسترۆجین Estrogen كە رۆڵی هەیە بۆ زیادكردنی ئاستی هۆرمۆنی سیرۆتۆنین و ئیندۆرفینەكان لە لەشدا كە ئەمەش خەمۆكی كەم دەكاتەوە، هەر لەبەر ئەمەشە كە ئاستی نزميی ئیسترۆجین ئەگەری خەمۆكی و نۆرەكانی پەستی Anxiety زیاتر دەكات. هۆرمۆنی پرۆجێستیرۆن Progesterone كە كاریگەرییەكی ئارامبەخشی هەیە و بە رێژەیەكی بەرز لە مێشكدا چڕدەبێتەوە، كەمی ئەم هۆرمۆنە پەیوەندی بە خەوزڕان و خەمۆكی و پەستییەوە هەیە. هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن Testosterone كە بە شای هۆرمۆنەكان ناسراوە و رێژەكەی لە لەشی ئافرەت دەگاتە 10% ی رێژەكەی لە پیاودا، بەڵام بەم رێژە كەمەشەوە كاریگەريی بەرچاوی هەیە لەسەر مەزاج و رێكخستنی ئارەزووی سێكسی و بارستایی ئێسك و ماسوولكە، كەميی تێستۆستیرۆن دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ئارەزووی سێكسی و گۆڕان لە مەزاجدا. هۆرمۆنی كۆرتیزۆل Cortisol كە لەكاتی سترێسدا دەردەدرێت سوودی هەیە بۆ زیادكردنی وریابوون و بەرگەگرتنی ئازار و كەمكردنەوەی هەستكردن بە ماندووبوون، بەڵام لە هەمان كاتیشدا ئاستی بەرزی بەردەوامی كۆرتیزۆل ئەگەری تووشبوون بە جەلتە و نەخۆشيی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن زیاد دەكات كە كاریگەريی نێگەتیڤ دەكەنە سەر مەزاج.