بە قەنادی خەڵاتم مەكەن

بە قەنادی خەڵاتم مەكەن
گەلێك دایك و باوك بۆ رازیكردنی یان خەڵاتكردنی منداڵەكانیان قەنادی یان شیرینی دیكەیان پێشكەش دەكەن وەكو چوكلێت، نەستەلە، كێك، نوقڵ، كراكەرز، جێلی..تاد، لەكاتێكدا كە ئەم خۆراكانە بە شەكر و چەوری تێر و چەورییە نێوەندەكان و بۆن و چێژ و رەنگی كیمیایی باركراون كە هەموویان ناتەندروستین. شیرینییەكان Sweets دەبنە هۆی بەرزبوونەوەیەكی خێرای ئاستی شەكری خوێن، ئەمەش وا لە منداڵ دەكات كە زوو هەست بە تێربوون بكات، بەمەش منداڵ جگە لە فێربوون و زیادبوونی ئارەزوو بۆ خواردنی شیرینی و چێژی شیرین دووردەكەوێتەوە لە خۆراكە تەندروستییانە و گرنگەكان كە تا رادەیەكی زۆر پێویستی پێیان هەیە بۆ گەشەكردن و پتەوبوونی و درێژبوونی ئێسك بۆ نموونە شیر، پەنیر، گۆشت، پەلەوەڕ، ماسی، پاقلەمەنییەكان، دانەوێڵە، سەوزە، میوە. لە لایەكی دیكەوە، زیاد خواردنی شیرینی هۆكارێكی سەرەكییە لەپاڵ كلۆربوونی ددان بەتایبەتی لە منداڵان كە زۆر پابەندی شووشتنی ددانەكانیان نابن لەپاش خواردنی شیرینی. جگە لەمانە، لە چەندین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە رەنگ و بۆن و چێژە دەستكردەكان كە دەخرێنە ناو قەنادی و ئایس كرێمی رەنگاوڕەنگ و شیرینی دیكەوە هۆكارن بۆ تووشبوونی منداڵان بە دیاردەی زیادبوونی بزۆكی Hyperactivity كە نزیكەی هەموو دایك و باوكان پێیەوە ناڕحەت دەبن و گەلێك جاریش هۆكارە بۆ تووشبوونی منداڵ بە كارەساتی جۆراوجۆر.
Top