ئەگەرچی زۆربەمان بە بەها خۆراكییە بەرزەكەی سڵق Swiss chard ئاشناین، بەڵام بەم دواییە دەركەوتووە كە گەڵا سەوزە تاریكەكان و لاسكەكانی سڵق بە رێژەیەكی بەرزی ماددە دژەئۆسكانەكان Antioxidants باركراون كە بایەخی تەندروستيی یەكجار زۆریان هەیە بەتایبەتی لە سستمی رێكخستنی ئاستی شەكری خوێندا. گەڵاكانی سڵق بە لای كەم 13 جۆر ماددەی دژەئۆكسان لە گروپی پۆلیفینۆلەكان Polyphenols لەخۆدەگرن، بۆ نموونە كامپفیرۆل كە رۆڵی هەیە بۆ پاراستنی دڵ لە نەخۆشی، بیتالێنەكان Betalains كە رۆڵیان هەیە بۆ رزگاركردنی لەش لە ماددە زیانبەخشەكان. سڵق سەرچاوەیەكی زۆر دەوڵەمەندە بۆ: ڤیتامین K كە گرنگيی هەیە بۆ بیناكردنی ئێسك، ڤیتامینە دژەئۆكسانەكان وەكو ڤیتامین A، C، E، هەروەها ڤیتامینەكانی B1، B2، B3، B5، B6، B9 یان فۆلێت كە هەموویان بایەخی تەندروستی زۆریان هەیە بەتایبەتی لە كرداری بەرهەمهێنانی وزە لە لەشدا، لەگەڵ كانزایەكانی مەگنسیۆم، مەنگەنیز، پۆتاسیۆم، ئاسن، فۆسفۆر، زینك یان تۆتیا، هەروەها كۆپەر و كالسیۆم كە گرنگی بەرچاویان هەیە بۆ تەندروستی ئێسك. سڵق سەرچاوەكی گرنگە بۆ ریشاڵ و پرۆتین. جگە لە پرۆفایلە خۆراكییە باشەكەی سڵق، سوودە تەندروستییەكانی بریتین لە: جێگیركردنی ئاستی شەكری خوێن بەتایبەتی لە تووشبووان بە نەخۆشی شەكرەدا، خۆپاراستن لە تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە، چالاكی دژی هەوكردنەكان وەكو هەوكردنی جومگە، پاراستنی تەندروستی ئێسك.