پشكنینی سۆناری دۆپلەر Doppler ultrasound بە بەكارهێنانی شەپۆلی دەنگ بە لەرەلەری بەرزەوە High-frequency بۆ پێوانەكردنی هاتوچۆ یان لێشاو و پەستانی خوێن بەكاردێت. سۆناری ئاسایی تەنیا وێنە نیشان دەدات، هاتوچۆی خوێن نیشان نادات. پشكنینی سۆناری دۆپلەر سوودبەخشە بۆ دەستنیشانكردنی چەندین حاڵەت و نەخۆشی وەكو: تۆپەڵی مەییوی خوێن Blood clots، دەستنیشانكردنی كەموكوڕی لە زمانەكانی ناو خوێنهێنەرەكانی قاچدا، كەموكوڕيی لە زمانەكانی دڵدا، سەقەتی یان نەخۆشییە زگماكییەكانی دڵ، گیرانی خوێنبەر Arterial occlusion، كەمبوونەوەی سووڕی خوێن لە قاچەكاندا، ئاوسانی خوێنبەر Aneurysms، تەسكبوونەوەی خوێنبەرەكان وەكو خوێنبەرەكانی كارۆتید Carotid لە ناوچەی ملدا. هەروەها بە سۆناری دۆپلەر دەكرێ كە خێرایی هاتوچۆی خوێن دیاربكرێت. گەلێك جار ئەم پشكنینە دەبێتە جێگرەوە یان ئەلتەرناتیڤێكی بێ زیانی لابەلا بۆ پشكنینی وێنەگرتنی خوێنبەر Artereography و وێنەگرتنی خوێنهێنەرە Venography كە بریتین لە بەكارهێنانی بۆیە بە رێگای دەرزی راستەوخۆ بۆ ناو بۆڕی خوێن و پاشان وێنەگرتن بە تیشكی X. پشكنینی دۆپلەر سوودێكی دیكەشی هەیە كە بریتییە لە دەستنیشانكردنی برینداربوونی بۆڕییەكانی خوێن و چاودێریكردنی هەندێك لەو چارەسەرانەی كە بۆ خوێنبەر یان خوێنهێنەرەكان ئەنجام دەدرێت. جگەرەكێشان لەوانەیە كە ئەنجامی پشكنینی سۆناری دۆپلەر بگۆڕێت چونكە ماددەی نیكۆتین دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی خوێنبەرەكانی دەوروبەر و پەلەكان.