ڤیتامین K لە گروپی ئەو ڤیتامینانەیە كە لە تەنیا لە چەوریدا دەتوێتەوە، گرنگی تەندروستی زۆری هەیە. ئەم ڤیتامینە لە شانە چەورییەكانی لەشدا خەزن دەكرێت، ئەگەرچی كەمی ڤیتامین K لە لەشدا حاڵەتێكی دەگمەنە، بەڵام ئەگەر رووبدات ئەوا گرفتی تەندروستی گەورە پەیدا دەكات، بۆیە دابینكردنی بڕی پێویستی رۆژانەی ئەم ڤیتامینە گرنگی زۆری هەیە لە مەیینی دروستی خوێندا، هەروەها رۆڵی هەیە لە پاراستنی پتەویی ئێسك لە بەساڵاچوواندا، لەمەش زیاتر ڤیتامین K زەروورە بۆ منداڵی تازەبوو لە كەمكردنەوەی ئەگەری روودانی گرفتی گەورەی پەیوەست بە خوێنبەربوون بەتایبەتی لەناو مێشكدا. سەرچاوە خۆراكییەكانی ڤیتامین K بریتین لە: سەوزە گەڵا كەسكە تاریكەكان و هەندێك میوە، بۆ نموونە خاس، سڵق، كەلەرم، گەڵاكانی شێلم، سپێناغ، برۆكۆلی، زەیتی پاقلەی سوودان، هەروەها ڤیتامین K بە هۆی بەكتریا لە ریخۆڵەی مرۆڤدا دروست دەبێت. هۆكاری كەمیی ڤیتامین K دەگەڕێتەوە بۆ كەمیی لە خۆراكدا، هەندێك نەخۆشی كە كاریگەریی نێگەتیڤ دەكەنە سەر هەڵمژینی لە كۆئەندامی هەرسدا، هەندێك جاریش زیانی لابەلای چەند دەرمانێك. كەمیی ڤیتامین K دەبێتە ئەگەری گرفت لە كرداری ئاسایی مەیینی خوێندا بە شێوەی خوێنبەربوون لە هەندێك شوێنی لەشدا وەكو پوك و ژێر پێست. پێویستی رۆژانەی ڤیتامین K بۆ پیاوان 120 مایكرۆگرام و بۆ ئافرەتان 90 مایكرۆگرامە. وا باشە كە هەموو منداڵێكی تازەبوو دەرزییەكی ڤیتامین K پێبدرێت بۆ رێگرتن لە كەمبوون و گرفت لە مەیینی خوێندا. بەكارهێنانی بڕی زۆری ڤیتامین K بەتایبەتی لە رێگای دەرزی لەوانەیە كە مەترسیدار بێت بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی كە چەند دەرمانێك بەكاردێنن وەكو وارفارین Warfarin.