توتی رەش Blackberries دەوڵەمەندە بە ڤیتامین، كانزا، ریشاڵ، ماددە دژەئۆكسانەكان كە بایەخی تەندروستیی بەرزیان هەیە. توتی رەش بڕێكی كەمی وزە لەخۆدەگرێت، بۆ نموونە هەر 100 گرام نزیكەی 43 كالۆری بە لەش دەبەخشێت. رێژە بەرزەكەی ریشاڵ كە دەگاتە 5.3 گرام لە هەر 100 گرام توتی رەشدا بەهایەكی خۆراكی بەرزی بەم میوەیە داوە بەتایبەتی كە ماددەی زایلیتۆل Xylitol لەخۆدەگرێت كە جێگرەوەیەكی كەم وزەی شەكرە و لەسەرخۆ لە كۆئەندامی هەرسدا دەڵدەمژرێت بەمەشەوە نابێتە ئەگەری بەرزبوونەوەیەكی خێرای ئاستی شەكری خوێن. توتی رەش ئاوێتە فلاڤۆنۆیدەكانی وەكو تانین Tanin و ترشی گالیك Gallic acid و كاتێچین Catechin و كامفیرۆل Kaemferol لەخۆدەگرێت كە ماددەی دژەئۆكسانی چالاكن و رۆڵیان هەیە بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە و نەخۆشیی دەمارەكان و هەوكردنەكان، هەروەها گۆڕانەكانی پەیوەست بە كرداری پیربوونیش دوادەخەن، ئەمە جگە لە ڤیتامین C بە رێژەی 21 گرام لە هەر 100 گرامدا كە دژەئۆكسانێكی سروشتی بەهێزە و سستمی بەرگریی لەش بەهێز دەكات. توتی رەش ڤیتامین A، E و ڤیتامین K تێدایە، هەروەها بیتاكارۆتین و لیوتین Luten كە سیفەتی دژەئۆكسانیان هەیە، لەگەڵ رێژەیەكی مامناوەندی لە كۆمەڵەی ڤیتامین B بەتایبەتی ڤیتامین B2، B3، B5، B6، B9 كە رۆڵی بەرچاویان هەیە لە میتابۆلیزمی پرۆتین و كاربۆهیدرات و چەوریدا. توتی رەش كانزای گرنگ لەخۆدەگرێت وەكو: پۆتاسیۆم، مەنگەنیز، مەگنسیۆم، لەگەڵ رێژەیەكی باش لە كانزای كۆپەر كە پێویستە بۆ كرداری میتابۆلیزمی ئێسك و دروستبوونی خڕۆكە سوور و خڕۆكە سپییەكانی خوێن.