زەعفەران Saffron جگە لە بەها خۆراكییەكەی، چێژێكی تایبەت و چڕی هەیە، رەنگە زەردە زێڕینییە زەقەكەی بۆ ماددەی ئەلفا كرۆسین Alfa-crocin دەگەڕێتەوە كە ئاوێتەیەكی كارۆتینۆیدییە و سیفەتی دژەئۆكسان و دژەشێرپەنجەی هەیە. زەعفەران ماددەییەكی چەور بە ناوی سافرانال Safranal لەخۆدەگرێت كە ئەویش سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە و سوودبەخشە بۆ سووككردنی خەمۆكی و بەرەنگاربوونەوەی خانە شێرپەنجەییەكان. جگە لەمانە زەعفەران ئاوێتەی كیمیایی دژەئۆكسانی تری تێدایە وەكو: لایكۆپێن Lycopen، زیازانتین، ئەلفا كارۆتین -carotene Alpha، بیتا كارۆتین Beta-carotene كە رۆڵی بەرچاویان هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی هەوكردنەكان و خۆپاراستن لە شێرپەنجە. زەعفەران سەرچاوەیەكی باشە بۆ كانزایەكانی كۆپەر، مەنگەنیز، كالسیۆم، مەگنسیۆم، زینك، لەگەڵ كانزای ئاسن كە زۆر گرنگە بۆ دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن، هەروەها پۆتاسیۆم كە بەشێكی گرنگی خانە و شلەكانی لەش پێكدێنێت و یارمەتی كۆنترۆلكردنی لێدانەكانی دڵ و پەستانی خوێن دەدات. زەعفەران كانزای سیلینیۆم Selenium و ڤیتامین C لەخۆدەگرێت كە سیفەتی دژەئۆكسانیان هەیە لەگەڵ ڤیتامینەكانی A، B2، B3، B9 یان ترشی فۆلیك.