ئەنفلوەنزا Flu نەخۆشییەكی ڤایرۆسی گوازراوەیە كە لەوانەیە ببێتە ئەگەری كەوتن لە نەخۆشخانەدا یان هەتا مردن، نیشانەكانی بریتین لە: تا، كۆكە و پژمین، كڕانەوەی قوڕگ، زیادبوونی دەردراوی لووت و گیرانی لووت، ئازار لە هەموو بەشەكانی لەشدا، سەرئێشە، لەرز Chills، هەستكردن بە ماندووبوون. دەتوانیت كە بە سێ هەنگاوی سادە و سەرەكی خۆت لە تووشبوون بە ئەنفلوەنزا بپارێزیت و بە توندی بەرەنگاری بیتەوە، یەكەم: بەكارهێنانی ڤاكسین یان كوتان دژی ئەنفلوەنزا Flu vaccine وەكو یەكەم و گرنگترین هەنگاو بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسەكانی ئەنفلوەنزا، ئەم كوتانە بۆ هەموو كەسێك لە تەمەنی 6 مانگ و بەسەرەوە گونجاوە و بەپێی وەرز ڤاكسینی نوێ دروست دەكرێت، ئەم ڤاكسینە زیاتر پێویستە بۆ منداڵ و پیر و ئافرەتی دووگیان لەگەڵ تووشبووان بە رەبو و نەخۆشیی شەكرە و نەخۆشیی دڵ، هەروەها بۆ كارمەندانی تەندروستی. دووەم: پاكوخاوێنی وەكو بەكارهێنانی دەستەسڕ لەكاتی كۆكە و پژمیندا، زوو زوو شووشتنی دەستەكان بە ئاو و سابوون، دووركەوتنەوە لە بەركەوتنی دەستەكان بە چاو و لووت و دەم، دووركەوتنەوە لە بەركەوتنی نزیك بە كەسانی تووشبوو، لەكاتی تووشبووندا پشوو لە ماڵدا بۆ ماوەی 24 كاتژمێر بەلای كەم پێویستە لەگەڵ سنوورداركردنی بەركەوتن بە كەسانی تردا. سێیەم: بەكارهێنانی دەرمانی دژەڤایرۆس Antiviral drugs بە شێوەی حەب یان گیراوە بە رێنمایی دكتۆر، ئەم دەرمانانە زیاتر لە 2 رۆژی یەكەمی تووشبووندا كاریگەری باشتریان دەبێت.