توخمی كلۆر یان كلۆرین Chlorine لە پیشەسازی و چەندین ماددە لە ماڵەكاندا هەیە، هەندێك جار كلۆر بە شێوەی گازێكی ژەهراوی بەدی دەكرێت كە بە پەستان و ساردكردنەوە دەچێتە دۆخی شلییەوە كە ئەویش زۆر بە ئاسانی دووبارە دەچێتەوە دۆخی گازی كە رەنگەكەی سەوزێكی زەردباوە و بۆنێكی تیژی هەیە. كلۆر سوودی لێوەردەگیرێت بۆ لەناوبردنی میكرۆب لەناو ئاوی خواردنەوە و ئاوی مەلەوانگەكاندا، هەروەها وەكو رەنگ لابەر Bleach و لە پیشەسازی كاغەز و قوماش و لاستیك و بكوژی مێروودا Pesticides بەكاردێت. كلۆری ناو ماددە رەنگ لابەرەكانی ناو ماڵ كە لەگەڵ ماددە پاككەرەوەكانی تر تێكەڵ دەكرێت دەبێتە هۆی پەیدابوونی گازی كلۆر كە هەڵمژینی زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت. ئەو نیشانانەی كە راستەوخۆ پاش بەركەوتن بە رێژەیەكی چڕی كلۆر دەردەكەون ئەمانەن: كۆكە، هەستكردن بە توندبوونی سینگ و قوڕسبوونی هەناسەوەرگرتن یان هەناسەتەنگی لەبەر كۆبوونەوەی شلە لە سییەكاندا، هەستكردن بە سووتانەوە لە لووت و قوڕگ و چاوەكاندا، زیاد فرمێسككردن، تێكچوونی بینین، هێڵنج و رشانەوە، سووتانەوە و سووربوونەوەی پێست لەگەڵ ئازار و پەیدابوونی بڵۆق Blisters. گرفتە تەندروستییەكانی بەركەوتن بە كلۆر بە شێوەیەكی درێژخایەن بریتین لە: هەوكردنی شانەی سییەكان، هەوكردنی درێژخایەنی بۆڕی هەناسە Bronchitis.