كۆلیستیرۆل Cholesterol ماددەیەكی مۆمییە، جگەر 75% ی كۆلیستیرۆلی خوێن بەرهەم دەهێنێت، تەنیا 25% ی كۆلیستیرۆلی خوێن لە خۆراكەوە سەرچاوە دەگرێت. لە ئاستی ئاساییدا، كۆلیستیرۆل رۆڵێكی گرنگی هەیە لە چالاكییەكانی خانەكانی لەشدا، بەڵام كە رێژەكەی لە خوێندا زیاد دەبێت گرفتی تەندروستی پەیدا دەكات. خودی بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن هیچ نیشانەیەك پەیدا ناكات، بەڵام تێكدان لە قوڵایی لەشدا پەیدا دەكات. بە تێپەڕبوونی كات، كۆلیستیرۆلی بەرز لە ناوپۆشی خوێنبەرەكاندا دەنیشێت و دوچاری رەقبوونیان دەكات Atherosclerosis كە دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی خوێنبەر یان گیرانی تەواوی خوێنبەر كە لەوانەیە ببێتە ئەگەری جەڵتەی مێشك یان نۆرەیەكی دڵ. پشكنین و دەستنیشانكردنی كۆلیستیرۆلی بەرز كارێكی ئاسانە، بەڵام پێویستە كە بۆ ماوەی نزیكەی 12 كاتژمێر پێش پشكنین جگە لە ئاو هیچ نەخورێت، ئەنجامەكە ئاستی كۆلیستیرۆلی باش HDL و كۆلیستیرۆلی خراپ LDL و گلیسریدە سیانییەكان TG پیشان دەدات. بە پێی راپۆرتەكانی كۆمەڵەی ئەمەریكی بۆ نەخۆشییەكانی دڵ، كۆلیستیرۆلی بەرز لە منداڵ و هەرزەكاراندا لە ناوپۆشی خوێنبەرەكاندا جێگیر دەبێت و لە تەمەنێكی گەورەتر یان لە دوارۆژدا دەبێتە هۆی تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەر و نەخۆشیی دڵ، بۆیە پێویستە كە ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆل لە منداڵ و هەرزەكاراندا بە رێگا پزیشكییەكان دابەزێنرێن، وا باشترە كە ئاستی كۆلیستیرۆلی گشتی لە خوێندا لە تەمەنی 2- 19 ساڵیدا كەمتر بێت لە 170 ملگم لە هەر دێسیلیترێكی خوێندا.