شیرەی سروشتی گێلاس Cherry juice ئەگەرچی كالۆری زۆر لەخۆدەگرێت، بەڵام بەهایەكی خۆراكی بەرزیی هەیە. كوپێك شیرەی گێلاس نزیكەی 130 كالۆری وزە بە لەش دەدات، 32 گرام كاربۆهیدرات و 1 گرام پرۆتینی تێدایە، هەروەها 8%ی پێویستیی رۆژانە لە پۆتاسیۆم، 6%ی پێویستیی رۆژانە لە ڤیتامین A، 4%ی پێویستی رۆژانە لە كانزای ئاسن و 2%ی پێویستی رۆژانە لە كانزای كالسیۆم دابین دەكات. شیرەی گێلاس سەرچاوەیەكی باشە بۆ فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids كە دژەئۆكسانی بەهێزن و سوودی تەندروستیی زۆریان هەیە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی دڵ و كۆلیستیرۆلی بەرز و شێرپەنجە، لەگەڵ بڕێكی باشی ڤیتامین C و فۆلێت یان ڤیتامین B9 و كانزایەكانی كۆپەر، ئاسن، پۆتاسیۆم، مەنگەنیز. كوپێك شیرەی گێلاس نزیكەی 28 گرام شەكر لەخۆدەگرێت، بۆیە زیاد خواردنەوەی گونجاو نییە بۆ ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت كێشی لەشیان كۆنترۆل بكەن. شیرەی گێلاس وەكو هەموو جۆەكانی دیكەی شیرەی میوە ریشاڵی لەدەستداوە كە بایەخی تەندروستیی زۆری هەیە. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە شیرەی گێلاس سوودی زۆری هەیە لە چارەسەركردنی نەخۆشیی بەگەكان (Gout) كە بریتییە لە ئاوسان و ئازار لە جومگەی پەنجەی گەورەی پێ لەبەر زیادبوونی ترشی یوریك Uric Acid لە خوێن و نیشتنی لە جومگەدا.