چۆن سەوزە و میوە دەشۆیتەوە؟

چۆن سەوزە و میوە دەشۆیتەوە؟
گرنگی شووشتنەوەی دروستی سەوزە و میوە هیچی لە گرنگی بەها خۆراكییەكەیان كەمتر نییە. ئەو نەخۆشییانەی كە لە ئەنجامی سەوزە و میوەی نەشووراوە پەیدا دەبن گەلێك جار پترە لە تەنیا سكچوون، ماددە كیمیاییەكانی وەكو پەین Fertilizer و بكوژی مێروو Pesticides و میكرۆب لەسەر رووی سەوزە و میوە تازەكاندا بوونیان هەیە. ئەگەر بە باشی ئاسەواری ئەم ماددانە لەسەر سەوزە و میوەدا لانەبرێن ئەوا دەبنە ئەگەری نەخۆشی، كە گەلێك جار ترسناكتریش دەبێت بەتایبەتی لەو كەسانەدا كە بەرگریی لەشیان كزە. هەرگیز وابیرمەكەوە كە سەوزە یان میوە بەتایبەتی بەبێ شووشتن بۆ خواردن سەلامەتن. هەنگاوە دروستەكانی شووشتن بریتین لە:- یەكەم: دەستەكانت بە ئاوی گەرم و سابوونی دژەبەكتریا بە باشی بشۆ بەتایبەتی بەری دەست و كەلێنی پەنجەكان و بن نینۆكەكان بەلای كەم بۆ ماوەی 20 چركە، پاشان دەستەكانت بە دەستماڵێكی كاغەزی یان كلینسێكی پاك وشك كەرەوە. دووەم: سەوزە و میوە بە ئاوێك بشۆرەوە كە پلەی گەرمییەكەی لە پلەی گەرمیی سەوزە و میوەكە نزیك بێت، سەوزە و میوەی سارد بە ئاوی سارد و سەوزە و میوەی گەرم بە ئاوی گەرم بشۆرەوە، بۆ نموونە شووشتنی میوەیەكی سارد بە ئاوێكی گەرم ئەگەری گەیشتنی بەكتریا بۆ ناو میوەكە زیاد دەكات. سێیەم: لەكاتی پاككردنەوەی رووی سەوزە و میوە بە دەست، ئاوی كوڵاو و ساردكراوە بەكاربێنە، پاشان دەتوانیت كە لەناو دەفرێكی پڕ لە ئاوی كوڵاو ساردكراوەدا بۆ ماوەی چەند خولەكێك نوقومیان بكەیت تا كاتی شووشتنی كۆتایی. چوارەم: پێستی یان توێكڵی ئەستوور بە فڵچەی تایبەت بە شووشتنی سەوزە و میوە لەژێر ئاوی بەلوعەدا بشۆ، پرتەقاڵ و گرێپ فرووت و ئەڤۆكادۆ توێكڵی ئەستووریان هەیە بۆیە شووشتنیان بە فڵچە گرنكی هەیە بۆ پاكبوونەوەی تەواو، هەتا ئەگەر توێكڵەكەشیان نەخۆیت بەڵام لەكاتی بەكارهێنانی چەقۆ و خواردندا میكرۆب و ماددەی ژەهراوی دەكەونە ناو میوەكە. هەر چەند رووی یان توێكڵی سەوزە یان میوە زبرتر بێت هێندە زیاتر و پوختەتر شووشتنی دەوێت.
Top