هەڵمەتی كوتانی سوورێژە لە 2 ی ئەم مانگە دەستیپێكردووە و بۆ ماوەی 15 رۆژ لە سەرتاسەری هەرێمدا بەردەوام دەبێت. ئەم هەڵمەتە 2 جۆری ڤاكسین دەگرێتەوە:- یەكەم: كوتان بە ڤاكسینی سوورێژەی تاك یان تەنیا سوورێژە Measles vaccine بۆ ئەو منداڵانەی كە تەمەنیان لە نێوان 6 مانگ و 1 ساڵدایە. دووەم: كوتانی سوورێژەی تێكەڵاو MMR كە پێكهاتووە لە ڤاكسینی سوورێژە و سوورێژەی ئەڵمانی یان رۆبێللا Rubella لەگەڵ ڤاكسینی كوێڕەپە Mumps، ئەم كوتانە منداڵانی تەمەن 1-5 ساڵ دەگرێتەوە، هەر دوو ڤاكسین بە شێوەی دەرزی لە ژێر پێستی قۆڵ دەدرێن. كوتانی سوورێژە بەرگرییەكی باش دژی تووشبوون پەیدا دەكات و بەگشتی سەلامەتە، نزیكەی 5-15%ی منداڵان لەپاش كوتاندا دوچاری تا دەبنەوە. سوورێژە Measles نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە زۆر بە خێرایی بە دەردراوی دەم و لووت یان كۆكە و پژمین دەگوازرێتەوە، نیشانەكانی بریتین لە: سووربوونەوەی چاوەكان و هەستەوەری بەرانبەر بە تیشك، كۆكە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، ئازاری ماسولكە، پەلەی سوور Rash كە لە 3-5 رۆژی تووشبووندا سەرهەڵدەدەن سەرەتا لە پێستی ناوچەی سەر پاشان بۆ بەشەكانی دیكەی لەش بڵاودەبنەوە و لەوانەیە كە بۆ ماوەی 4-7 رۆژ بمێننەوە، سووتانەوەی قوڕگ و زیادبوونی دەردراوی لووت، دەركەوتنی پنتی سپی لەناو دەمدا. مەترسی نەخۆشی سوورێژەی ئەلمانی یان رۆبێللا لەوەدایە كە لەكاتی دووگیانیدا دەبێتە ئەگەری سەقەتی زگماكی لە كۆرپەدا، بۆیە كوتان بە ڤاكسینی ئەم نەخۆشییە گرنگییەكی زۆری هەیە بەتایبەتی بۆ كچەكان.