كاریگەری بەنزین لەسەر تەندروستیدا

كاریگەری بەنزین لەسەر تەندروستیدا
بەنزین Benzene ماددەیەكی كیمیایی بێ ڕەنگ یان زەردێكی كاڵە، بۆنێكی تایبەتی هەیە و بە بەركەوتن بە هەوا دەبێتە هەڵم و لە هەوا قورسترە، هەروەها بە خێرایی گڕدەگرێت. بەنزین جگە لە نەوتی خاو و گازۆلین، لە دوكەڵی جگەرەشدا هەیە، هەروەها چەندین ماددەی كیمیایی دیكە بەنزین لەخۆدەگرن وەكو: هەندێك جۆری پلاستیك، نایلۆن، لاستیك، بۆیە، ماددەی پاككەرەوە Detergents، بكوژی مێروو. هەوای دەرەوەی ماڵ رێژەیەكی نزمی بەنزین لەخۆدەگرێت كە لە دوكەڵی جگەرە و ئۆتۆمۆبیل و بەنزینخانە و كارگەكان سەرچاوە دەگرێت. هەوای ناو ماڵ رێژەیەكی بەرزتری بەنزین لە هەوای دەرەوە لەخۆدەگرێت كە لە بۆیە، سمغی مۆبیلیات و جۆرەكانی تری سمغ، پاككەرەوەكان سەرچاوە دەگرێت. هۆكاری سەرەكیی بەركەوتن بە بەنزین دوكەڵی جگەرەیە، هەروەها ئەو كەسانەی كە لە بەنزینخانەكاندا كار دەكەن زیاتر رووبەڕووی بەنزین دەبنەوە. بەنزین كاریگەریی خراپ دەكاتە سەر مۆخی ئێسك و لە چالاكییەكەی كەم دەكاتەوە، سستمی بەرگریی لەش تێكدەدات بە لەناوبردنی خڕۆكە سپییەكانی خوێن. نیشانەكانی راستەوخۆ لەپاش هەڵمژینی بڕێكی زۆری بەنزین لە ماوەی چەند خولەكێك تا چەند كاتژمێرێكدا بریتین لە: بۆرژان، سەرسووڕان، دڵەكوتێ، سەرئێشە، دەست لەرزین Tremor، شێوان، لەهۆشچوون كە لەوانەیە بگاتە مردن ئەگەر درێژە بكێشێت. قووتدانی بەنزین دەبێتە هۆی: رشانەوە، سووتانەوە و ناڕحەتی گەدە، سەرسووڕان، خەوهاتن، پەركەم، دڵەكوتێ، لە حاڵەتی دژواریشدا ئەگەری مردن دێتە پێشەوە.
Top