سوودەكانی سێو بۆ كۆئەندامی هەرس

سوودەكانی سێو بۆ كۆئەندامی هەرس
سێو خۆراكێكی زۆر گونجاوە بۆ نێوان ژەمە سەرەكییەكان، هەروەها ڤیتامین A، C، B9 و چەندین كانزا بەتایبەتی پۆتاسیۆم و مەگنسیۆم لەخۆدەگرێت، سێوێكی گەورە نزیكەی 5 گرام ریشاڵ لەخۆدەگرێت. سێو سوودی زۆر بە كۆئەندامی هەرس دەگەیەنێت بە شێوەی رێگرتن لە قەبزی، پەیداكردنی هەستی تێربوون بەتایبەتی كە سێو بە توێكڵەوە دەخورێت. سێو ریشاڵی نەتواوە Insoluble fiber لەخۆدەگرێت كە لە ناو ریخۆڵەدا ئاو هەڵدەمژێت و قەبارە پەیدا دەكات كە یارمەتی جوولەی پاشەڕۆ لە ریخۆڵە دەدات، بەمەشەوە ریخۆڵە لە نەخۆشی دایڤەرتیكیلۆز Diverticulosis دەپارێزێت كە بریتییە لە پەیدابوونی چەندین تورەگە لە دیواری ریخۆڵەدا و نیشانەكای بریتین لە: سك ئێشە، هێڵنج، رشانەوە، گۆڕان لە جووڵەی ریخۆڵە، هەندێك جاریش خوێنبەربوون و برینی بچووك لە ناوپۆشی كۆڵۆندا روودەدات. ریشاڵی تواوە Soluble fiber بە ناوی پێكتین Pectin لەخۆدەگرێت كە لە ئاودا دەتوێتەوە دەبێتە ماددەیەكی وەكو جێل لەناو ریخۆڵەدا كە كرداری هەرسكردن كزدەكات، هەروەها ئاستی كۆلیستیرۆل و شەكری خوێن دادەبەزێنێت. ریشاڵی تواوە هەڵمژینی شەكر لە ریخۆڵەدا دوادەخات، ئەمەش رێگایەكی كارایە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی شەكرە، هەروەها پێكتینی سێو یارمەتی بەكتریای سوودبەخشی ریخۆڵە دەدات. هەر دوو جۆری ریشاڵ هەستی تێربوون پەیدا دەكەن چونكە ئاو هەڵدەمژن و قەبارە لەناو گەدەدا پەیدا دەكەن و درنگ گەدە جێدێڵن.
Top