كیسی هێلكەدان

كیسی هێلكەدان
كیسی هێلكەدان Ovarian cyst بریتییە لە دروستبوونی كیسەیەك یان زیاتر كە پڕە لە شلە لەسەر یان لەناو هێلكەداندا. زۆربەی كیسەكانی هێلكەدان بێ ئازارن و بە شێوەیەكی ئاسایی پەیدا دەبن و بەشێكن لە كرداری سروشتی سووڕی مانگانە یان ئامادەبوونی هێلكۆكە Ovulation. ئەم حاڵەتە بە تەواوی جیاوازە لەگەڵ پەیدابوونی فرەكیسی POS پەیوەست بە هۆرمۆن و جۆری دیكەی كیسی پەیوەست بە شێرپەنجە. ئەگەرچی زۆربەی ئەم كیسانە بە بێ چارەسەر لە ماوەی چەند هەفتەیەك تا چەند مانگێك لەخۆیانەوە نامێنن، بەڵام هەندێك جار دەبنە ئەگەری چەند ئاڵۆزییەك و پێویست بە چارەسەرێكی خێرا دەكات. لەوانەیە كە كیسی هێلكەدان بێ نیشانە بێت و تەنیا لەكاتی پشكنینێكی سۆناری رۆتینی دەستنیشان بكرێت، لەوانەشە كە چەند نیشانەیەك لەخۆبگرێت بەتایبەتی ئەگەر كیسی هێلكەدان لە رووی قەبارەوە گەورە بێت یان بتەقێت، بۆ نموونە فشاری كیسی گەورە لەسەر ریخۆڵە و میزڵدان دەبێتە هۆی زوو میزكردن و ناڕحەتی ریخۆڵە. لەوانەیە كە كیسی هێلكەدان فشار بخاتە سەر لوولەی فالوپ و ببێتە ئەگەری ئازارێكی توند. نیشانەكانی دیكە بریتین لە: ئازار لە بەشی خوارەوەی سكدا، هێڵنج، ئازار یان ناڕەحەتی لە مەمكدا. لە زۆربەی حاڵەتەكاندا پێویست بە هیچ دەرمانێك ناكات بۆ نەهێشتنی كیسی هێلكەدان تەنیا بەدواداچوون و پشكنینی سۆنار كە بچووكبوونەوەی كیس دەستپێدەكات، ئەگەر كیسی هێلكەدان بچووك نەبێتەوە و قەبارەكەی لە 5-10سم زیاتر بێت یان دوچاری ئاڵۆزی وەكو ئازاری توند یان خوێنبەربوون بێت ئەوا پێویست بە نەشتەرگەی دەكات بە پێنۆڕی سك Laparoscopy یان بە نەشتەرگەری ئاسایی.
Top