سوودە تەندروستییەكانی نیسكی سوور

سوودە تەندروستییەكانی نیسكی سوور
نیسكی سوور lentils Red لەبەر بەها خۆراكییە بەرزەكەی بە سوپەرخۆراك Superfood ناسراوە. یەك كوپ نیسكی سوور 230 كالۆری وزە بە لەش دەبەخشێت، هەروەها بڕی پرۆتین لە كوپێك نیسكی سوور دەگاتە 18 گرام لەگەڵ 40 گرام كاربۆهیدرات، هەروەها چەندین كانزای گرنگ لەگەڵ دوو جۆری ڤیتامین B لەخۆدەگرێت. كوپێك نیسكی سوور نزیكەی 15.5 گرام ریشاڵ لەخۆدەگرێت كە دەكاتە 62% ی پێویستی رۆژانە كە بریتییە لە 25 گرام. ریشاڵ بە دوو رێگا گرنگی هەیە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش، یەكەم: ریشاڵ گەدە پڕدەكات و زوو هەستی برسیبوون نایەڵێت و هەستی تێربوون پەیدادەكات، دووەم: ریشاڵ هەڵمژینی كاربۆهیدراتەكان كزدەكات بەمەشەوە نایەڵێت كە ئاستی شەكری خوێن بە خێرایی بەرزبێتەوە. نیسكی سوور یەكێكە لەو خۆراكانەی كە نابێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی خێرای ئاستی شەكری خوێن، لە هەمان كاتیشدا ئاستی وزەی لەش باشتر و هاوسەنگ دەكات، سوودەكانی تری نیسكی سوور بریتین لە: دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆل، پاراستنی كۆڵۆن لە تووشبوون بە گرژبوون، خۆپاراستن لە نەخۆشیی دڵ بەوەی كە نیسك كانزای مەگنسیۆم و فۆلێتی تێدایە كە ئەم رۆڵە گرنگەیان هەیە، نیسكی سوور گونجاوە بۆ چارەسەركردن و خۆپاراستن لە كەمخوێنی چونكە بڕێكی باش لە كانزای ئاسن بۆ لەش دابین دەكات.
Top