پرۆستات Prostate گلاندێكە لە شێوەی گوێزدایە و كێشی نزیكەی 80 گرامە و كەوتۆتە ژێرەوەی میزڵدان، فرمانی سەرەكی بریتییە لە دروستكردنی شلەی تۆواو. هەوكردنی گلاندی پرۆستات Prostatitis لەوانەیە كە تیژ یان درێژخایەن بێت، هۆكارە یارمەتیدەرەكانی تووشبوون بریتین لە: هەڵگرتنی شتی قوڕس لەو كاتەی كە میزڵدان پڕە، چونكە دەبێتە ئەگەری گەڕانەوەی میز بۆ ناو پرۆستات، هەندێك پیشە وەكو شوفێری ئۆتۆمبیلی گەورە كە هۆكارە بۆ لەرینەوەی توند و بەردەوام لەسەر پرۆستاتدا، زیاد لێخوڕینی دووچەرخە یان بایسكل، گرژبوونی ماسوولكەی حەوز، بۆ نموونە خاونەبوونەوەی ماسوولكەی زمانەی میزڵدان لەكاتی میزكردندا كە فشارێكی زۆر دەخاتە سەر پرۆستات، هەروەها تەسكبوونەوەی بۆڕیی میز دەبێتە هۆی پەیدابوونی پەستان لەسەر پرۆستات و روودانی هەوكردن. نیشانەكانی هەوكردنی پرۆستاتی تیژ ئەمانەن: تا و لەرز، ئازاری لە گلاندی پرۆستاتدا، ئازار لە بەشی خوارەوەی پشت، زوو میزكردن، ئازار لەكاتی میزكردندا، بوونی خوێن لەگەڵ میزدا، نەمانی توانا بۆ بەتاڵكردنەوەی تەواوی میزڵدان. نیشانەكانی هەوكردنی درێژخایەن بریتین لە: ئازار لە پرۆستات، زوو میزهاتن لەكاتی شەودا Nocturia، ژێرە پشت ئێشە، ناڕحەتی لەكاتی میزكردندا، لاوازبوونی لێشاوی میز، بوونی خوێن لەگەڵ میزدا، تایەكی سووك، دووبارەبوونەوەی هەوكردنی میزڵدان. چارەسەركردن دەستپێدەكات بە بەكارهێنانی دەرمانی دژەژی (دژەبەكتریا)، دەرمان بۆ خاوكردنەوەی ملی میزڵدان و ئەو ریشاڵە ماسوولكانەی كە پرۆستات بە میزڵدان دەبەستنەوە، هەروەها دەرمانی دژەئازار و خاوكەرەوەی ماسوولكە.