گرنگی ڤیتامین E بۆ پێست

گرنگی ڤیتامین E بۆ پێست
ڤیتامین E یەكێكە لەو ڤیتامینە گرنگانەی كە لە چەوریدا دەتوێتەوە و سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە. چەندین جۆری كرێم و گیراوەی تایبەت بە پێست ڤیتامین E لەخۆدەگرن. سیفەتی دژەئۆكسانی ڤیتامین E هۆكارە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و شێرپەنجە و زوو پیربوون. هەروەها لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە ڤیتامینE رۆڵی هەیە بۆ كەمكردنەوەی لۆچبوونی پێست و وشكبوون و تاریكبوونی رەنگی پێست بەهۆی كاریگەرییە دەرەكییەكان بەتایبەتی كاریگەریی تیشكی سەرووی وەنەوەشەیی هەتاو لەسەر پێستدا. جگە لەمانە، بەكارهێنانی كرێم یان گیراوەی ڤیتامین E سوودبەخشە بۆ زوو چاكبوونەوە و ونكردنی ئاسەوارەكانی پێست Scars كە لە ئەنجامی برین یان سووتان یان هەوكردندا پەیدا دەبن. زیانە لابەلاكانی بەكارهێنانی ڤیتامین E بۆ چارەسەری خۆجێیی پێست جگە لە سووتانەوەیەكی سووك هیچی تر نین. سەرچاوە خۆراكییەكانی ڤیتامین E بریتین لە: كاكڵ و تۆوەكان وەكو باوی، تۆوی گولەبەڕۆژە، زەیتی رووەكی، كەرەی فستقی سوودانی Peanut butter، سەوزە گەڵا كەسكە تاریكەكان وەكو سپێناغ و سڵق. پێویستی رۆژانەی ڤیتامین E بۆ یەكێكی پێگەیشتوو تەنیا 15 میللیگرامە و بۆ ئافرەتی شیردەر 19 ملگم، گەورەترین ژەمی رۆژانە كە بە شێوەی دەرمان وەربگیرێت نابێ لە 1000 ملگم پتر بێت.
Top