نۆرەی دڵ Heart Attack لەو كاتەدا روودەدات كە خوێنبەرێكی تاجی دڵ بە تۆپەڵە خوێنێكی بچووكی مەییو بە تەواوی دەگیرێت دەرەنجام بەشێكی ماسوڵكەی دڵ دەمرێت MI، تۆپەڵی خوێن لەناو خوێنبەردا لە ئەنجامی تەقینی چینی نیشتووی كۆلیستیرۆل لەسەر ناوپۆشی خوێنبەرداپەیدا دەبێت، واتە پاش ئەوەی كە خوێنبەر دوچاری رەقبوون Atherosclerosis دەبێت. ئەگەرچی سینگ ئێشە یان هەستكردن بە قورسایی لەسەر ناوچەی سینگدا یەكەم نیشانە و باوترین نیشانەی سەرهەڵدانی نۆرەی دڵە، بەڵام قوربانیانی نۆرەی دڵ لەوانەیە كەدوچاری چەندین نیشانەی تر ببنەوە وەكو: هەستكردن بە گوشین یان پڕبوون لەناو سینگدا، ئازار لە شەویلاكی خوارەوە، ئازار لە ددانەكان، سەرئێشە، هەستكردن بە ناڕحەتی لە ناوەڕاستی سكدا، هەناسەتەنگی، هێڵنج یان رشانەوە، ئارەقەكردن، دڵەكزێ یان بەدهەرسی Indigestion، ئازار لە قۆڵەكاندا بەتایبەتی قۆڵی چەپ، ئازار لە بەشی سەرەوەی پشتدا، بێهێزی گشتی یان هەستكردن بە هیلاكی و نەخۆشی. بە تێكڕایی، نزیكەی 25% ی حاڵەتەكانی نۆرەی دڵ بێدەنگن یان هیچ نیشانەیەكیان نییە بەتایبەتی لە تووشبووان بە نەخۆشی شەكرەدا. ئەوە زۆر گرنگە كە هەر یەكێك لەكاتی هەستكردنی بە یەكێك یان پتر لەم نیشانانە بە زووترین كات سەردانی دكتۆر بكات، هەرگیز مەرجیش نییە كە هەر سینگ ئێشەیەك یان هەر بێهێزییەكی لەش یان هەر یەكێك لەو نیشانانەی كە باسكران تەنیا مانای تووشبوون بە نەخۆشی دڵ بگەیەنن، بەهەرحاڵ زوو دەستنیشانكردن و زوو چارەسەركردنی هەر حاڵەت و نەخۆشییەك گەرەنتییە بۆ زووتر چاكبوونەوە و و بەلاوەنانی مەترسی و ئاڵۆزییەكان.