بایەخی تەندروستیی رەنگی سەوزە و میوەكان

بایەخی تەندروستیی رەنگی سەوزە و میوەكان
رۆژانە خواردنی سەوزە و میوەی جۆراوجۆر بایەخی تەندروستی زۆری هەیە. هەر رەنگێكی جیاوازی سەوزە و میوەكان گرنگی تەندروستیی تایبەتی هەیە. سەوزە و میوەی سوور، چەندین مادەی دژەئۆكسان لەخۆدەگرن بەتایبەتی لایكۆپێن Lycopen، كوێرسێتین Quercetin، هیسپێریدین، ئیلاجیك ئەسید كە پیاو دەپارێزن لە تووشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستات، هەروەها كۆلیستیرۆلی خراپ و پەستانی خوێن دادەبەزێنن، نیشانەكانی هەوكردنی جومگەكانیش سووكتر دەكەن. سەوزە و میوەی زەرد جگە لە كالسیۆم و مەگنسیۆم، چەند ماددەیەكی گرنگ لەخۆدەگرن وەكو بیتا كارۆتین، زیازانتین، لایكۆپێن، پۆتاسیۆم، ڤیتامین C، كە رۆڵی گرنگیان هەیە بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی پرۆستات و رێگرتن لە گۆڕانەكانی چاو كە پەیوەستن بە تەمەن و بینین كز دەكەن، هەروەها دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ و یارمەتیدانی پتەوكردنی ئێسكەكان. سەوزە و میوەی سەوز، مادەی گرنگی وەكو كلۆرۆفیل، ریشاڵ، لیوتین Lutein، فۆلێت، ڤیتامین C، كالسیۆم، بیتاكارۆتین لەخۆدەگرن كە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە كەم دەكەنەوەو پەستانی خوێن و ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ دادەبەزێنن، هەرسكردنی خۆراك رێكدەخەن، تەندروستی چاوەكان دەپارێزن، سستمی بەرگری لەش بەهێز دەكەن. سەوزە و میوەی شین و مۆر، ماددەی گرنگی وەكو لیوتین، زیازانتین، فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids، كوێرسێتین لەخۆدەگرن كە رۆڵیان هەیە بۆ پاراستنی چاوەكان، دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن، بەهێزكردنی دەزگای بەرگری لەش، رێكخستنی كرداری هەرسكردنی خۆراك و هاندانی هەڵمژینی كانزاكان. سەوزە و میوە سپییەكان، مادەی خۆراكی وەكو بیتاگلوكان Beta-glucans، لیگنانەكان لەخۆدەگرن كە رۆڵیان هەیە بۆ بەهێزكردنی بەرگری لەش هاوسەنگكردنی هۆرمۆنەكان و كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستات و مەمك.
Top