خەمۆكی ئافرەت و ئەگەری خۆكوشتن

خەمۆكی ئافرەت و ئەگەری خۆكوشتن
خەمۆكی Depression لە ئافرەتدا دوو هێندەی پیاو باوە، لە هەر 4 ئافرەت یەكێك ئەگەری تووشبوونی بە خەمۆكی لێدەكرێت. خەمۆكی تێكچوونێكی بەرچاوی مەزاجە و دەبێتە هۆی هەستكردن بە غەم Sadness، نائومێدی Hopelessness، بەزەیی هاتنەوە بە خۆ Helplessness، هەستكردن بە بێ بەهایی Worthlessness. خەمۆكی لەوانەیە كە سووك، مامناوەندی بێت بە شێوەی كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن و گرفت لە خەو و هەستكردن بە ماندووبوون، لەوانەشە كە سەخت و قووڵ بێت. نیشانەكانی خەمۆكی ئافرەت بریتین لە: دڵتوندی بەردەوام، ناڕحەتی دەروونی یان مەزاجی بەتاڵ Empty mood، نەمانی حەز و ئارەزوو یان چێژ وەرنەگرتن لە چالاكییە جیاوازەكان، زیاد گریان، هەستكردن بە تاوان guilt، رەشبینی Pissimism، زیاد نووستن یان كەم نووستن، كەمبوون یان زیادبوونی كێشی لەش، كەمبوونەوەی وزە و زوو ماندووبوون، بیركردنەوە لە مردن یان خۆكوشتن Suicide، كزبوونی تەركیز، كزبوونی بیرهاتنەوەی شتەكان، دوودڵی لە بڕیارداندا، هەستكردن بە چەندین نیشانەی جەستەیی كە بە دەرمان سووك نابن وەكو سەرئێشە و ئازار و ناڕحەتی لە كۆئەندامی هەرسدا. هۆكارە یاریدەدەركانی تووشبوونی ئافرەت بە خەمۆكی ئەمانەن: بوونی مەیلی خێزانی، لەدەستدانی دایك یان باوك بەر لە تەمەنی 10 ساڵی، كەمی سەپۆرتی كۆمەڵایەتی، توندوتیژی جەستەیی یان سێكسی لە تەمەنی منداڵیدا. جیاوازی خەمۆكی ئافرەت لەگەڵ خەمۆكی پیاو لەوەدایە كە لە ئافرەتدا لە تەمەنێكی زووتر سەرهەڵدەدات، زیاتر دەمێنێتەوە، زیاتر ئەگەری دووبارەبوونەوەی لێدەكرێت، پەیوەندی بە وەرزەكانەوە هەیە، زیاتر ئەگەری هەوڵی خۆكوشتنی لێدەكرێت بەڵام كەمتر لە پیاوان ئەنجام دەدرێت، زیاتر پەیوەندی بە ترس و تۆقین و پەستییەوە هەیە، كاریگەری بەرچاو دەكاتە سەر ئارەزووی خواردن، ئەگەری ئالودەبوون بە ئەلكهول یان دەرمان كەمترە.
Top