باوی Almond هەستی تێربوون زیاد دەكات، كۆلیستیرۆلی خراپ LDL بە رێژەی 9% لە ماوەی یەك مانگدا دادەبەزێنێت. باوی رێژەیەكی باشی لە مادە فایتۆستیرۆلەكان Phytosterols یان ستیرۆلە رووەكییەكان تێدایە كە دەگاتە نزیكەی 280 ملگم لە هەر 100گرامدا. ئەم ماددانە لە رووی پێكهاتنی كیمییاییەوە زۆر لە كۆلیستیرۆل دەچن، بەڵام ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن دادەبەزێنن، بەرگریی لەش بەهێز دەكەن، ئەگەری تووشبوون بە چەندین شێرپەنجە كەم دەكەنەوە. باویی تاڵ شیاو نییە بۆ خواردن یان دەبێ زۆر بە كەمی بخورێت، چونكە مادەیەكی زیانبەخشی تێدایە بە ناوی ئەمیگدالین Amygdalin. باویی شیرین تامێكی خۆشی هەیە، بەها خۆراكییەكەی بەرزە. رێژەی چەورییە باشەكەی باوی دەگاتە 50%، پرۆتینیش 20%، ماددە گرنگەكانی دیكە لە تفری باویدان. بۆ وەرگرتنی سوودی تەواو، پێویستە كە باوی بە تفرەوە و بە باشی بجورێت، تا رەنگی تفرەكەی باوی تاریكتر بێت سوود و بەها خۆراكییەكەی زیاترە. سوودە تەندروستییەكانی باوی بریتین لە: كەمكردنەوەی دڵەكزێ، كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە، كەمكردنەوەی مەترسی تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەرەكان، هەروەها باوی رێژەیەكی باشی لە كانزای كالسیۆم تێدایە كە ئەگەری شێرپەنجەی كۆلۆن كەم دەكاتەوە. ماددە دژەئۆكسانەكان كە لە تفری باویدان، مرۆڤ لە نەخۆشیی دڵ دەپارێزن، زەیتی باوی بۆ داماڵینی پێست لە پەڵە بەكاردێت. رۆژانە خواردنی نزیكەی 73 گرام باوی بەسە بۆ بێبەش نەبوونت لە سوودە تەندروستییەكانی باوی.