گێوژ Hawthorn كە بە گوڵی ئادار Mayflower ناسراوە، بەهایەكی خۆراكی بەرزی هەیە بەتایبەتی كە رێژەیەكی بەرز لە ئاوێتە فلاڤانۆیدە چاڵاكەكان Flavonoids لەخۆدەگرێت كە ماددەی دژەئۆكسانی بەهێزن و رەنگی سوور و زەردی گێوژ پێكدەهێنن. گێوژ چەندین سوودی تەندروستی هەیە بەتایبەتی بۆ كۆئەندامی دڵ و سووڕان وەكو: پاراستنی دڵ و چالاككردنی ماسوولكەی دڵ بە رێگرتن لەو ئەنزیمانەی كە ماسوولكەی دڵ لاواز دەكەن ئەمەش سوودی زۆری هەیە بۆ تووشبووان بە جۆرێكی سووكی پەككەوتنی دڵ، بەهێزكردنی توانای ماسوولكەی دڵ بۆ پەمپكردنی خوێن، فراوانكردنەوەی بۆڕییەكانی خوێن، رێكخستنەوەی لێدانە ناڕێكەكانی دڵ Cardiac arrhythmia، سووككردنی پەستی و گرفتەكانی لە ئافرەتانی پاش تەمەنی وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانە Menopause، رێگرتن لە نیشتنی چەوری لەسەر ناوپۆشی خوێنبەرەكانی تاجی دڵدا Coronary arteries. خواردنی گێوژ كاریگەرییەكی ئارامبەخشی هەیە بەوەی كە یارمەتی نووستنێكی ئارام دەدات بەتایبەتی لە تووشبووان بە خەوزڕان Insomnia، هەروەها هاریكاری پاراستنی پرۆتینی كۆلاجین دەكات كە شانە بەستەرەكانی لەش پێكدەهێنێت بەمەوە جومگەكان دەپارێزێت، فرمانەكانی كۆئەندامی میزەڕۆش باشتر دەكات. گێوژی سوور و زەرد هەمان بەهای خۆراكییان هەیە.