سەوزە و میوە زیاد ورد مەكە

سەوزە و میوە زیاد ورد مەكە
ئایا دەزانی كە زیاد وردكردنی سەوزە و میوە لە بەهای خۆراكییان كەم دەكاتەوە؟ ئایا بڕین و زیاد وردكردنی سەوزە و میوە وایان لێدەكات كە زووتر ڤیتامین و مادە خۆراكییە گرنگەكانی دیكەیان ون بكەن؟ ئەمە راستییەكی زانستییە كە تا سەوزە و میوە وەكو خۆی بە وردنەكراوی بمێنێتەوە یان بۆ ماوەیەك هەڵبگیرێت هێندە ڤیتامین و ماددە گرنگەكانی دەپارێزێت. ئەدی سەبارەت بە زەڵاتە، ئایا راستە كە واباشترە زەڵاتە چەند ساتێك لەپاش دروستكردنی زوو بخورێت؟ بەڵێ، ئەگەر زەڵاتە كۆن بوو ئەوا ماددە گرنگە خۆراكییەكانی كەم دەبنەوە یان ون دەبن. باشترین رێگا بۆ هەڵگرتنی سەوزە و میوە، بۆ نموونە پەتاتە، سێو، پرتەقال، گرێپ فڕووت ئەوەیە كە بە پەلكەوە بێ سپیكردن هەڵبگیرێن. هەر كە پەلكی سەوزە یان میوە لابرا، ئەوا سەوزە و میوەكان سەرەتا ڤیتامین C پێش ماددەیەكانی تر ون دەكەن، ئەمەش كردارێكی كتوپڕ نییە بەڵكو بەرە بەرە دەست پێدەكات. مانەوەی سەوزە یان میوەی وردكراو لەناو سەلاجەدا لەپاش 5-6 رۆژ رێژەیەكی زۆری ڤیتامین ون دەكەن، بۆ نموونە رێژەی ونكردنی ڤیتامین C و كارۆتینۆیدەكان و مادە كیمیاییە رووەكییە گرنگەكان لەپاش ئەو ماوەیەدا دەگاتە نزیكەی 10-25%. لە دەرەوەی سەلاجەدا سەوزە یان میوەی وردكراو لە ماوەی 5-6 رۆژدا تێكدەچن و بەكتریا لەناویاندا گەشە دەكات و چیدی بۆ خواردن دەست نادەن. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە سەوزە و میوەی سپیكراو یان بڕاو یان وردكراو لە ماوەی 1-2 هەفتەدا نیوەی ڤیتامینەكانیان لەدەست دەدەن. باشترە كە سەوزە و میوە راستەوخۆ بەر لە خواردن ئینجا ببڕێن یان ورد بكرێن. بۆ هەڵگرتنیش لەناو سەلاجەدا، واباشە كە زەلاتە یان سەوزە و میوەی وردكراو خەزن بكرێت لەناو دەفرێك یان قوتووێكی داخراو كە رێگا لە هەوا بگرێت، هەروەها سەوزە و میوەی وردكراو لەناو سەلاجەدا لە ماوەی 2-3 رۆژدا بخورێت.
Top