ئایا ئاوی تفت لە ئاوی ئاسایی باشترە؟

ئایا ئاوی تفت لە ئاوی ئاسایی باشترە؟
ئاو رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لە كرداری باڵانسكردنی نێوان ترشی و تفتی لە لەشدا. بۆ ئەم مەبەستە و بۆ راپەڕاندنی چەندین فرمانی دیكە، لەش بەردەوام پێویستی بە ئاوە كە بە تێكڕایی دەگاتە 2.5 لیتر لە رۆژێكدا. لەش پێویستی بە هاوسەنگی ترشی و تفتی هەیە، باڵانسی كیمیای لەش گرنگی تەندروستی زۆری هەیە، ئاستی pH ی شلەكانی ئەندامەكانی ناوەوە راستەوخۆ كاریگەری دەكاتە سەر هەموو خانەیەكی لەش. تێكچوونی ئەم باڵانسە بە ئاراستەی ترشێتی Acid زیاتر دەبێتە ئەگەری زوو ماندووبوون Tiredness، زیادبوونی كێشی لەش، تێكچوونی كرداری هەرس، پەیدابوونی ناڕەحەتی و ئازار لە چەندین شوێنی لەشدا. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هێشتا بۆ زۆربەی خەڵك ئاوی ئاسایی Plain water باشترین ئاوە. ئاوی تفت Alkaline water ئاستی پێوانەی تفتی و ترشێتی واتە pH ــەكەی بەرزترە لە pH ی ئاوی ئاسایی ماڵەكان و لە نێوان 9-10 دایە. سوودە تەندروستییەكانی ئاوی تفت بریتین لە: هاوسەنگكردنەوەی ترشێتی خوێن، هاندانی كرداری میتابۆلیزم Metabolism واتە كرداری بەدەستهێنانی وزە لە خۆراك، یارمەتیدانی لەش بۆ باشتر هەڵمژینی ماددە خۆراكییەكان لە كۆئەندامی هەرسدا، باشتركردنی ئاستی وزەی لەش، هاوسەنگكردنەوەی كرداری ئۆكسان Oxidation چونكە سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە، جێگیركردنی ئاستی شەكری خوێن. بە پێی لێكۆڵینەوەكان لەوانەیە كە ئاوی تفت رۆڵی هەبێت بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە چەندین نەخۆشی و دواخستنی كرداری پیربوون، هەروەها لەوانەشە كە خواردنەوەی ئاوی تفت كرداری پوكانەوەی ئێسك كز یان دوابخات. جگە لەمانە، ئاوی تفت یان ئاوی ئایۆنكراو Ionized water یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی لەش لە كەمبوونەوەی شلە یان وشكبوونەوە Dehydration.
Top