بۆچی شت لەبیر دەكەیت؟

بۆچی شت لەبیر دەكەیت؟
نە تەمەن نە رەگەز هۆكار نییە بۆ لەبیركردن Forgetfullness بەڵكو تێكەڵبوونی بیر Intrference كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی تەركیز و سەرنج هۆكاری سەرەكییە، ئەم گرفتە لە هەموو تەمەنێكدا بەدی دەكرێت گەنج، پێگەیشتوو، بەساڵاچوو. بلیمەتترین كەس ناتوانێت لە یەك ساتدا بیر لە پتر لە یەك شت بكاتەوە، مێشك وەكو چەند زنجیرە تۆڕێك كاردەكات، چەند شوێنێكی مێشك هەموو كاتێك بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكتردا كاردەكەن، كە دەتەوێت شتێكت بیربێتەوە ئەوا مێشك تۆڕێكی نوێ دروست دەكات، پچڕانی ئەم تۆڕە كرداری بیرهاتنەوە پەك دەخات. تێكەڵبوونی بیر و فكرەكان توانای تەركیزكردن كەم دەكاتەوە جا لە زەنگێكی مۆبایلەوە بگرە تا دەگاتە سادەترین مەسەلە. زوو لەبیرچوونەوە لەوانەیە كە بە شێوەیەكی كتوپڕ یان بەرە بەرە سەرهەڵبدات، لەوانەشە كاتی یان هەمیشەیی بێت، هەروەها لەوانەیە كە تەنیا شتە نوێیەكان یان شتە كۆنەكان بگرێتەوە، یانیش هەردووكیان بگرێتەوە. هەر چەندە كە تەمەن و پیربوونێكی ئاسایی دەبێتە ئەگەری زەحمەتی لە فێربوون و بیرهاتنەوەدا، بەڵام نابێتە هۆی ئاستێكی توندی لەبیرچوونەوە تەنیا لەو كاتەدا نەبێت كە هۆكارێكی نەخۆشی لەپاڵەوە بێت، بۆ نموونە زەبری دەروونی و زەبری جەستەیی، راهاتن لەسەر دەرمان یان ئەلكهول، نەخۆشیی ئەلزهایمەر، بوونی گرێ لە مێشكدا، هەوكردنی پەردەكانی مێشك Meningitis، هەوكردنی شانەكانی مێشك Encephalitis، ئایدز، كەمخوێنی درێژخایەن، گرفتەكانی خەو وەكو خەوزڕانێكی درێژخایەن، پەستی، خەمۆكی، نەخۆشی پاركینسۆن، جەڵتەی مێشك، زەبر بۆ ناوچەی سەر، بەدخۆراكی، كەمی ڤیتامین و كانزایەكان، نەخۆشی لە گلاندی دەرەقی.
Top