شیری مەڕ Sheep Milk كەمێك لە شیری چێل و شیری بزن شیرینترە، رێژەی كانزاكانی وەكو كالسیۆم و فۆسفۆر و زینك و ڤیتامینەكان دووقات زیاتر لە شیری چێل و شیری بزن تێدایە. هەروەها شیری مەڕ بڕێكی باش لە ڤیتامینەكانی A، D، E و كۆمەڵەی ڤیتامین B تێدایە كە گرنگن بۆ تەندروستییەكی باش بەتایبەتی ڤیتامین B12 و فۆلیك ئەسید كە گرنگن بۆ دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن. جۆرە پرۆتینێك لە شیری مەڕدایە كە هەرسكردنەكەی زۆر ئاسانە، رێژەی ئەم پرۆتینە لە شیری مەڕدا سێ جار زیاترە لە رێژەكەی لە شیری چێل و شیری بزندا. هەروەها هەرسكردنی لاكتۆزی ناو شیری مەڕ زۆر ئاسانە بە پێچەوانەی لاكتۆزی ناو جۆرەكانی دیكەی شیر بەتایبەتی شیری چێل كە زۆر جار لە هەندێك كەسدا ناڕحەتی بۆ كۆئەندامی هەرس پەیدا دەكات لەگەڵ كۆبوونەوەی گاز لە گەدە و ریخۆڵەدا، بەم حاڵەتەش دەگووترێت بەگەنەگرتنی لاكتۆز Lactose intolerance. گەلێك جار لەبەر بەكارهێنانی دەرمانی دژەمیكرۆب، بەكتریا سوودبەخشەكانی ناو ریخۆڵە ئەستوورە لەناو دەچن، خواردنی ماستی مەڕ، پێكهاتەی ئەم بەكتریا سوودبەخشانەی ناو ریخۆڵە ئەستوورە بۆ حاڵەتی ئاسایی خۆی دەگەڕێنێتەوە. ئێستاش زۆر خەڵك ترسی لە شیری مەڕ هەیە لەبەر رێژە زیادەكەی چەوری كە پترە لە رێژەی چەوری ناو شیری چێل و شیری بزن. بەڵام سێ ڤیتامینی A و D و E گرنگ هەنە كە تەنیا لەناو چەورییەكەی شیردا تواونەتەوە و زۆر پێویستن بۆ تەندروستی.