ساوار Bulgur هیچ ماددەیەكی كیمیایی و زیادی تێناكرێت، بۆیە پێكهاتە گرنگە خۆراكییەكانی پارێزراون و بە دانەوێڵەی تەواو هەژمار دەكرێت. ساوار بە ریشاڵی زۆر و كاربۆهیدراتی زۆر و چەوری یەكجار كەمەوە دەبێتە خۆراكێكی سروشتی گونجاو و سەرچاوەیەكی باشی وزە. هەروەها رێژەیەكی باشی لە كۆمەڵەی ڤیتامینB وكانزای ئاسن و فۆسفۆر و مەنگەنیز تێدایە. زۆر جار گوێمان لێدەبێت كە خواردنی ساوار باشترە لە خواردنی برنج بۆ تووشبووان بە شەكرە، لە راستیدا هەردووكییان كاربۆهیدراتیان بە شێوەی نیشاستە تێدایە، بەڵام برنج كە بە تەواوی سپیكراوە، رێژەی ریشاڵ و مادە دژەئۆكسانەكانی لەدەستداوە و لە لەشدا زووتر دەگۆڕێت بۆ شەكری گلوكۆز كە ئەمە بۆ نەخۆشانی شەكرە باش نییە، كەچی ساوار بڕێكی باشتری لە ریشاڵ تێدایە، ئەمەش وادەكات كە بەرە بەرە نیشاستەكەی لە لەشدا بگۆڕێت بۆ شەكری گلوكۆز كە ئەمە شتێكی باشە بۆ نەخۆشانی شەكرە، بەڵام هێشتا هەر نابێ بە بڕی زۆر بخورێت بەتایبەتی لەگەڵ گۆشتی چەوردا، لە رووی وزەشەوە یەك قاپ ساوار بەقەدە یەك قاپ برنج 200 كالۆری دەبەخشێت. ساوار جگە لە ریشاڵ، پۆتاسیۆم، ڤیتامین B9، رێژەیەكی بەرز لە ماددەی لیوتین Lutein لەخۆدەگرێت كە یەكێكە لەكارۆتینۆیدە دژەئۆكسانەكان و رۆڵی هەیە لەپاراستنی چاوەكان لە ئاوی سپی.