ئەڤۆكادۆ Avocado میوەیەكی كەم شەكرە بۆیە چێژەكەی شیرین نییە، بەڵام لەبەر رێژە بەرزەكەی چەورییە ناتێرەكان، ئەڤۆكادۆ وزەیەكی بەرزتر لە زۆربەی میوەكان لەخۆدەگرێت، بۆ نموونە كوپێك ئەڤۆكادۆی پارچەكراو نزیكەی 240 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت لەگەڵ 2.9 گرام پرۆتین، 21.4 گرام چەوری، 9.8 گرام ریشاڵ، 42 ملگم مەگنسیۆم، 708 ملگم پۆتاسیۆم، 14.6 ملگم ڤیتامین C، 3 ملگم ڤیتامین E، 213 یەكەی جیهانی ڤیتامین A، 118 مایكرۆگرام فۆلێت (ڤیتامین B9). ئەڤۆكادۆ بە پێكهاتەكانییەوە لە چەوری رووەكی لە جۆری یەكانە ناتێرەكان كۆلیستیرۆل دادەبەزێنن و ئاستی شەكری خوێن جێگیر دەكەن، خواردنی نیو ئەڤۆكادۆ هەر دوو رۆژ جارێك ئاستی كۆلیستیرۆل بە رێژەی %8.2 دادەبەزێنێت. ئەڤۆكادۆ سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندە بۆ ریشاڵ كە سوودی زۆری بۆ كۆئەندامی هەرس هەیە، هەروەها ڤیتامین A بە شێوەی بیتا كارۆتین Beta carotene كە سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە، ناوكی ئەڤۆكادۆ لەوانەیە كە چالاكی هەبێت دژی ڤایرۆس و بەكتریا. سوودە تەندروستییەكانی تری ئەڤۆكادۆ بریتین لە: پاراستنی كۆئەندامی هەرس، پاراستنی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، سووككردنی نیشانەكانی هەوكردنی جومگەكان، سافكردنەوەی پێست، زوو چاكبوونەوەی گەلێك لە نەخۆشییەكانی پێست وەكو خۆربردن و هەوكردنی پێست، چارسەركردنی وشكبوونی پێست، سووككردنی نیشانەكانی نەخۆشی سەدەف و ئەكزیما.