لە راستیدا نابێت كە سەوزە Vegetables لە میوە Fruits زیاتر یان میوە لە سەوزە زیاتر بخۆیت، چونكە هەندێك رێژەی ماددەی خۆراكییەكان كە پێویستن بۆ لەش بەتایبەتی ڤیتامین و كانزا و ماددە دژەئۆكسانەكان Antioxidants لە سەوزە و میوەدا جیاوازیان هەیە ئەگەرچی لە گەلێك پێكهات و سیفەتەكاندا هاوبەشن. ئەگەرچی گروپی سەوزە و میوەكان ماددەی خۆراكی گرنگ لەخۆدەگرن، بەڵام سەوزەكان لە میوە زیاتر كانزا و كۆمەڵەی ڤیتامین B لەخۆدەگرن. لەگەڵ ئەمەشدا، بە ڕای پسپۆرانی خۆراك و تەندروستیی باش نییە كە سەوزە كەمتر لە میوە بخۆیت یان بە پێچەوانەوە، ئەگەرچی كەسانێك سەوزە زیاتر پەسەند دەكەن بەتایبەتی كە ماددە دژەئۆكسانی زۆر و گرنگ بە رێژەی زۆر باش لەخۆدەگرن كە بایەخی تەندروستیی زۆریان هەیە، بەڵام هەرگیز باش نییە كە میوە بە یەكجاری بەلاوە بنێین. گەلێك لە میوەكانیش ماددەی یەكجار تایبەت و سوودبەخش لەخۆدەگرن كە لە هیچ جۆرێكی سەوزەدا بەدی ناكرێن، بۆ نموونە پرتەقال كە جگە لە ڤیتامین C بە سەدان ماددە لەخۆدەگرێت لە توێكڵ و فڵێشدا كە یەكجار تایبەتن بە پرتەقال.