مەشقی وەرزشی Exercise یان چالاكی فیزیكی Physical activity بۆ هەموو تەمەنێك سوودبەخشە، مەشق و ئاكتیڤبوون دەتپارێزێت لە: نەخۆشیی دڵ، نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم، جەڵتەی مێشك، هەندێك جۆری شێرپەنجە، هەروەها نیشانەكانی خەمۆكی سووك دەكات، هێز و پتەوی ماسوولكەكان دەپارێزێت، باڵانسی لەش لەكاتی وەستان و جووڵەدا دەپارێزێت. پێش دەستپێكردن، ئەگەر نەخۆشیی درێژخایەنی وەكو نەخۆشیی دڵ، شەكرە، قەڵەوی یان بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن یان ئازاری جومگەت هەبێت ئەوا پێویست دەكات كە تەنیا بە رێنمایی دكتۆر مەشقی وەرزشی ئەنجام بدەیت. هەوڵ بدە كە هەفتانە بەلای كەم 2 كاتژمێر و نیو مەشقێكی هەوایی مام ناوەندی ئەنجام بدەیت، واتە ئەو مەشقانەی كە لێدانەكانی دڵت زیاد دەكەن وەكو رۆیشتنی خێرا. سەرەتا لەسەرخۆ و بە نەرمی دەستپێبكە، بۆ نموونە هەر جارەی بۆ ماوەی 10خولەك، پاشان بۆ ماوەی 30 خولەك بە زۆربەی رۆژەكانی هەفتەدا. ئەگەر لەكاتی مەشقی وەرزشیدا دوچاری هەناسەتەنگی یان سینگ ئێشە بوویت، ئەوا مەشقەكە رابگرە و زوو ئاگاداری دكتۆر بكەرەوە. هەفتانە دوو جار مەشقی بەهێزكردنی ماسولكە Strenthening ئەنجام بدە، بۆ نموونە دۆمبەڵۆز بۆ بەهێزكردنی ماسوولكەی قۆڵ و باسك، لەكاتی هەڵگرتندا هەناسە بەتاڵ بكە و لەكاتی هێنانە خوارەوە هەناسە وەربگرە. هەورەها مەشقەكانی باڵانسی Balance activities لەش هەفتانە 3 جار یان زیاتر ئەنجام بدە، بۆ نموونە وەستان لەسەر یەك قاچ بۆ ماوەیەك، تای چی Tai chi، یۆگا.