لەگەڵ گۆڕانە ئاساییەكانی پەیوەست بە دووگیانی ئەگەری هەوكردنی كۆئەندامی میزەڕۆ UTI زیاتر دەبێت. گۆڕانە هۆرمۆنییەكان و جەستەییەكان بەتایبەتی گەورەبوونی منداڵدان دەبنە هۆی تەگەرە لەبەردەم جووڵەی میز لە رێڕەوەكانی میزەڕۆدا، بەمەش كەمێك میز لە میزڵدانەوە بۆ حالب دەگەڕێتەوە. هۆرمۆنی پرۆجێستیرۆن هۆكارە بۆ گۆڕانەكان لە تەشیلە ماسولكەكانی دیواری حالب، قوڕسایی منداڵدانیش دەبێتە هۆی پەنگانەوەی میز. هەروەها لەگەڵ زیادبوونی قەبارەی خوێن كە لەگەڵ دووگیانیدا روودەدات بارگرانی دەكەوێتە سەر فرمانی گورچیلەكان، رێژەی شەكریش لە میزدا زیاد دەبێت كە ئەمەش ئەگەری هەوكردن زیاتر دەكات، چونكە دەوروبەرێكی شیرین هاندەر و گونجاوە بۆ گەشەی بەكتریا. نیشانەكان بریتین لە: ئازار و سووتانەوە لەگەڵ میزكردن، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، ژان لە تەنیشتەكان. زۆربەی حاڵەتەكان پاش چارەسەر بە تەواوی چاكدەبنەوە، هەوكردنی میزەڕۆ لەكاتی دووگیانیدا چارەسەردەكرێت بە بەكارهێنانی هەندێك دەرمانی دژەبەكتریا كە سەلامەتن و كاریگەریی خراپ ناكەنە سەر دایك وكۆرپە وەكو ئەمپیسیلین و كیفلێكس لەگەڵ زیاد خواردنەوەی ئاو. هەوكردنی شانەكانی گورچیلە Pyelonephritis چارەسەرێكی چڕتری پێویستە، جگە لە دەرمانی دژەژی نەخۆش پێویستی بە دەرمانی تر هەیە بۆ دابەزاندنی تا و كۆنترۆلكردنی هێڵنج یان رشانەوە.