سوود و زیانەكانی بنێشت

سوود و زیانەكانی بنێشت
جوینی بنێشت Chewing gum چەند سوودێكی تەندروستی هەیە وەكو: هاوسەنگكردنەوەی ترشێتی گەدە بۆ تووشبووان بە گەڕانەوەی گیراوەی گەدە بۆ سوورێنچك GERD و دڵەكزێ بەوەی كە بنێشت یارمەتی گەڕاندنەوەی شلە دەدات لە بەشی خوارەوەی سوورێنچك بۆ گەدە، لێرەدا بنێشتی بێ شەكر بۆ ماوەی 30 خولەك ئەم ئامانجە دەپێكێت و كاریگەرییەكە بۆ ماوەی 3 كاتژمێر بەردەوام دەبێت. بنێشت بەكتریا لەناودەبات و بۆنی هەناسە خۆش دەكات، هەروەها هانی دەردانی لیك دەدات و ئارەزووی خواردن كەم دەكاتەوە، ئەمەش سوودبەخشە بۆ ئەو كەسانەی كە هەوڵی كۆنترۆلكردنی كێشی لەش دەدەن. بنێشت چەند زیانێكی تەندروستی هەیە، بۆ نموونە ئەو جۆرە بنێشتەی كە رێژەیەكی بەرزی شەكر لەخۆدەگرێت لە لایەنی تەندروستییەوە پەسەند ناكرێت لەوكاتەی كە یەك دەنك بنێشت نزیكەی 15 كالۆری تێدایە. زۆربەی جۆرەكانی بنێشت ماددەی شیرینكار لە جیاتی شەكر لەخۆدەگرن وەكو ئەسپارتێم Aspartame، سۆربیتۆل Sorbitol، زایلیتۆل Xylitol. ئەگەرچی شیرینكاری ئەسپارتێم لە لایەن ئەژانسی دەرمان و خۆراكی ئەمەریكی FDA ساڵی 1996 رێگا بە بەكارهێنانی دراوە، بەڵام هێشتا لە گەلێك كەسدا دەبێتە ئەگەری هەستەوەری كە نیشانەكانی بریتین لە سووربوونەوەی پێست، سەرئێشە، سەرسووڕان، ناڕحەتی دەروونی. باشترین و سەلامەتترین جۆری بنێشت ئەو جۆرەیە كە بێ شەكر و بێ ماددەی شیرینكار و بێ ئەلبان و بێ ماددەی گلویتنە Glutin و 100% رووەكییە.
Top