ئایا خواردن درەنگانی شەو زیانی هەیە؟

ئایا خواردن درەنگانی شەو زیانی هەیە؟
ئایا لە درەنگی شەودا ژەمێك دەخۆیت چونكە هەست بە برسیبوون دەكەیت یان هەست بە بێزاری دەكەیت و پەنا دەبەیتە بەر خواردن، یان بۆتە بەشێك لە بەرنامەی شەوانەت بە دیار تەلەڤزیۆن یان بەرانبەر بە شاشەی كۆمپیوتەرەكەتەوە؟ خواردن درەنگانی شەو تەنیا لەكاتەدا نابێتە گرفت كە خۆراكی تەندروستییانە هەڵبژێررێت و لە پێویستی وزەی یان كالۆری رۆژانە زیاتر نەكات، بۆ نموونە خۆراكێك كە زیاتر كاربۆهیدرات لەخۆبگرێت تاكو نەبێتە ئەگەری تێكچوونی خەو. بەگشتی خواردنی درەنگانی شەو لەوكاتەدا دەبێتە هۆی گرفتی تەندروستی كە ببێتە ژەمی چوارەم و دەوڵەمەند بێت بە چەوری و وزە و شەكر یان خوێ. ئەوانەی كە ئیش و كاریان كەوتۆتە پاش نیوەڕۆ یان ئێوارە لەوانەیە كە درەنگی شەو ژەمی بەیانی بخۆن و ژەمی ئێوارەیان بكەوێتە شوێنی ژەمی بەیانیان. هەندێك كەس نزیكەی 25-50%ی پێویستی وزەی رۆژانەیان لە رێگای خواردنی درەنگی شەودا دابین دەكەن كە بە دیاردەی خواردنی شەو Night-eating syndrome ناسراوە. لەو كەسانەدا، لەوانەیە كە پەیوەندی هەبێت بە چەندگرفتێكی تەندروستییەوە وەكو خەمۆكی، قەڵەوی یان لاوازی باوەڕ بەخۆبوون. بە هەرحاڵ، ئەگەر نەتوانیت كە واز لە خواردنی درەنگی شەو بێنیت، با خۆراكەكەت تەندروستییانە بێت، كەم چەور و كەم شیرین، هەروەها با ماوەی نێوان خواردن و نووستنت لە دوو كاتژمێر كەمتر نەبێت، چونكە نووستن راستەوخۆ لەپاش ژەمێكی خۆراك لەوانەیە كە دوچاری چەند كێشەیەكی تەندروستیت بكات وەكو: زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، بینینی خەونی ناخۆش(كابوس)، دڵەكزێ و ناڕەحەتی لە گەدە و ناوچەی سكدا، قۆڕی ناوپەنچك Hiatus hernia، هەستكردن بە لەش داهزران و جۆرێك پەستی پاش لەخەو هەڵسان.
Top