بەگشتی بەكارهێنانی یارمەتیدەری ڤیتامین و كانزایەكان Supplements سەلامەتە و بۆ چەندین حاڵەت و نەخۆشی سوودبەخشە. ئەگەرچی پەیدابوونی هەستەوەری لەپاش بەكارهێنانی ڤیتامین و كانزا بە شێوەی كەپسول یان شروب یان دەرزی حاڵەتێكی دەگمەنە، بەڵام هێشتا لە هەندێك كەسدا بەدی دەكرێت. لەوانەیە هەستەوەرییەكە تەنیا بەرانبەر بە یەك ڤیتامین یان یەك كانزا بێت یان بەرانبەر ئەو ماددانەی كە لەگەڵیاندا تێكەڵدەكرێن وەكو شیر، سۆیا، رەنگی دەستكرد..تاد. هەستەوەری لە هەندێك كەسدا زیاتر بەرانبەر بەو پرۆتینە روودەدات كە لە پێكهاتەی كۆمەڵە ڤیتامین و كانزایەكاندایە، سستمی بەرگریی لەش زیاد لە پێویست كاردانەوە پەیدا دەكات و ماددەیی دژەتەن Antibodies دژی پرۆتینەكە دروست دەكات و ماددەی هیستامین Histamine دەردەدات كە دەبنە ئەگەری سەرهەڵدانی نیشانەكان. نیشانەكان بریتین لە: خورشت و سووربوونەوەی پێست و دەركەوتنی قانی سوور، هەناسەتەنگی و توندبوونی هەناسە، ویزە لەگەڵ هەناسەدا، كۆكە، گیرانی لووت، هێڵنج، رشانەوە، سكچوون، سك ئێشە. لە هەندێك حاڵەتی سەختتدا، نیشانەی قورستر دەردەكەون وەكو ئاوسانی لێو و زمان و قوڕگ لەگەڵ هەناسەتەنگییەكی توند كە پێویستی بە چارەسەرێكی خێرا و چڕ دەبێت.