لە چەندین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە سوودە تەندروستییەكانی خواردنی سیری تازە گەلێك زیاترن لە بەكارهێنانی كەپسولی سیر. كەپسولی سیر Garlic capsules یان زەیتی سیر Garlic oil دەكرێ وەكو ئەلتەرناتیڤێك بێت بۆ سیری تازە بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی كە حەز لە چێژ و بۆنی سیر ناكەن، كەپسولی سیر پێكهاتووە لە پاودەرێكی چڕی سیر و زەیت. ئەمەش روونكراوەتەوە كە پێكهاتەكانی سیر چالاكی دژەمیكرۆب و دژەكەڕوویان هەیە، بۆیە سیر یان كەپسولی سیر بۆ ئافرەت سوودبەخشە بۆ چارەسەركردن یان كەمكردنەوەی هەوكردنەكانی كۆئەندامی زاوزێ بە بەكتریا و كەڕووی كاندیدا Candida. سیر رۆڵی هەیە لە خۆپاراستن لە تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە بەتایبەتی شێرپەنجەی كۆڵۆن، مەمك، شێرپەنجەی گەدە، بەڵام ئەمە بە تەواوی نەسەلمێنراوە ئاخۆ كەپسولی سیر هەمان ئەم ئامانجە دەپێكێت یان نا. ئەمە راستییەكی زانستی باوڕپێكراوە كە سیر رۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن لە پیاو و ئافرەتدا بە هەمان شێوە، ئەمەش روونكراوەتەوە كە بەكارهێنانی كەپسولی سیر یان زەیتی سیر زیاتر لە ئافرەتدا ئاستی كۆلیستیرۆلی گشتی دادەبەزێنێت و ئاستی كۆلیستیرۆلی باش HDL لە خوێندا بەرزدەكاتەوە، كەچی هەمان ئەنجام لە پیاودا بەدی ناكرێت. لەگەڵ هەموو سوودە تەندروستییەكانی سیر و كەپسولی سیر، هەرگیز باش نییە كە هیچ كەسێك بەتایبەتی ئافرەت لەخۆیەوە كەپسولی سیر بەكاربێنێت لەو كاتەی كە لەوانەیە ببێتە ئەگەری ئازار لە گەدە، سەرئێشە، هەروەها لەگەڵ چەندین دەرماندا كارلێك بكات بەتایبەتی دەنكی مەنع.