نیشاستەی پەتاتە دژی شێرپەنجە

نیشاستەی پەتاتە دژی شێرپەنجە
پەتاتە Potatoes خۆراكێكی تەندروستییانەیە، وزەی كەم و رێژەیەكی بەرزی ریشاڵی رووەكی لەخۆدەگرێت، هەروەها سەرچاوەیەكی باشە بۆ ڤیتامین C، ترشی فۆلیك، ڤیتامین B6، كانزای كۆپەر و مەنگەنیز، لەگەڵ رێژەیەكی باش لە چەندین مادەی دژەئۆكسان بەتایبەتی كارۆتینۆیدەكان Carotenoids و فلاڤانۆیدەكان و پەتاتین Patatin كە چالاكی زۆر دەنوێنن دژ بە مادە یان كۆلكە سەربەستەكان Free Radicals لە لەشدا كە ئەگەری شێرپەنجە زیاد دەكەن. هەندێك مادەی تر لە پەتاتەدان بە ناوی كوكوئەمیینەكان Kukuamines كە رۆڵیان هەیە لە دابەزاندنی پەستانی بەرزی خوێندا، ڤیتامین B6 بەشدارە لە نزیكەی 100 كارلێكی زیندەكیمیایی ئەنزیمی لە لەشدا، ئەنزیمەكان مادەی پرۆتینین یارمەتی كارلێكە كیمیاییەكان دەدەن، هەر بۆیەشە كە ڤیتامین B6 لە هەموو بەشەكانی لەشدا چالاكی بەرچاوی هەیە بۆ نموونە، دروستبوونی پرۆتین و بینای لەش، چالاكی خانەكانی كۆئەندامی دەمار و خانەكانی مێشك، پاراستنی خوێنبەرەكان لە تووشبوون بە رەقبوون، پاراستنی دڵ و مێشك لە تووشبوون بە جەڵتە، هەروەها ئەم ڤیتامینە زۆر گرنگە لە كرداری گۆڕینی گلایكۆجین كە كاربۆهیدراتی چڕكراوە بە شێوەی شەكر لە جگەر و ماسولكەدایە بۆ وزە كە ئەمەش ئاستی لیاقە و بەرگەی لەش بۆ مەشق وچالاكی بەدەنی پتر دەكات، بۆیە سوودبەخشە بۆ وەرزشوانان. نیشاستەی پەتاتە لە جۆرێكی خۆڕاگرە Resistant starch، ئەم جۆرە نیشاستەیە ئەنزیمێك لەخۆدەگرێت كە یارمەتی پووكانەوەی شێرپەنجەی كۆڵۆن دەدات. لە هەمان كاتدا، نیشاستەی پەتاتە رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە بەتایبەتی شێرپەنجەی كۆڵۆن.
Top