شێرپەنجەی هێلكەدانOvarian Cancer چارەسەری تەواوی هەیە ئەگەر لە قۆناغی سەرەتاییدا دەستنیشان بكرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی كە نیشانەی كەمی هەیە و تێستێكی رۆتینی كە جێگای متمانە بێت لەبەر دەستدا نییە، زوو دەستنیشانكردنی شێرپەنجەی هێلكەدان لە زۆربەی حاڵەتەكاندا ئاسان نییە یان دوا دەكەوێت. لەسەر ئافرەتان پێویستە كە بە وردی نیشانەكانی شێرپەنجەی هێلكەدان بزانن و لەكاتی دەركەوتنیان زوو سەردانی دكتۆر بكەن. نیشانەكانی شێرپەنجەی هێلكەدان بریتین لە: ناڕەحەتی یان ئازار لە ناوچەی سكدا بە شێوەی كۆبوونەوەی گاز، بەدهەرسی، ئاوسان، هەستكردن بە قورسایی لەسكدا، هێڵنج، سكچوون یان قەبزی، زوو میزكردن Frequency، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، هەستكردن بە تێربوون یان ئاوسانی سك لەپاش ژەمێكی بچووكی خواردندا، كەمبوونەوەی یان زیادبوونی كێشی لەش بەبێ بوونی هۆكارێكی روون، خوێنبەربوون یان بینینی خوێن لە زێدا، هەستكردن بە ناڕەحەتی یان قورسایی لەناوچەی حەوزدا، ئازارێكی بەردەوام لە پشت یان لە قاچەكاندا. بەگشتی پشكنینی حەوز لە لایەن دكتۆری ئافرەتان و پشكنینی سۆنار هەنگاوی گرنگن بۆ دەستنیشانكردن.