گەلێك جۆری سەوزە Vegetables رێژەیەكی باشی ڤیتامینC لەخۆدەگرن، ڤیتامینC یان ترشی ئەسكۆربیك Ascorbic acid لە ئاودا دەتوێتەوە، سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە و خانەكانی لەش لە چەندین نەخۆشی دەپارێزێت. پاش بەركەوتنی سەوزەكان بە تیشكی خۆر و پلەی بەرزی گەرمی رێژەی ڤیتامین C لەناویاندا كەم دەبێتەوە، بۆیە وا باشە كە سەوزە بە تازەیی بخورێت یان پاش كولاندنێكی كەم یان بە ئامادەكردن بە رێگای هەڵم. ئەم ڤیتامینە رۆڵی بەرچاوی هەیە لە دروستبوونی كۆلاجین Collagen ئەو پرۆتینەی كە پێكهێنەرێكی گرنگ و سەرەكییە لە پێست و شانە بەستەرەكان و بۆڕییەكانی خوێندا. ڤیتامین C رۆڵی هەیە بۆ پاراستنی خوێنبەركانی تاجی دڵ، هەروەها پاراستنی لەش لە تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە. جگە لەمانە، ڤیتامین C لەوانەیە كە یارەمەتیدەر بێت بۆ رێكخستنی پەستانی خوێن، كەمكردنەوەی ئازاری هەوكردنی جومگە، پاراستنی چاوەكان و تەندروستیی كۆئەندامی هەناسە. خواردنی سەوزە و میوەی دەوڵەمەند بە ڤیتامین C رۆژانە 5-9 جار دەتپارێزێت لە تووشبوون بە جەڵتەی مێشك و نۆرەی دڵ. سەوزە دەوڵەمەندەكان بە ڤیتامین C بریتین لە: بیبەری شیرینی سوور بە رێژەی 142 ملگم لە نیو كوپدا، بیبەری شیرینی سەوز بە رێژەی 60 ملگم لە نیو كوپدا، برۆكۆلی بە رێژەی 39 ملگم لە نیو كوپدا، تەماتە بە رێژەی 22 ملگم لە نیو كوپدا، سوپی سەوزەی تێكەڵاو، قەرنابیت.