ئایا سابوونی دژەبەكتریا Antibacterial Soapلە راستیدا پاكترمان دەكەن؟ ئێستا لە زۆربەی وڵاتاندا زۆربەی سابوونە شلەكان دژەبەكتریان. سابوونی ئاسایی لە تێكەڵكردنی مادەیەكی ترش و مادەیەكی تفت پێكهاتووە، مادە ترشەكە مادەیەكی چەورە و مادە تفتەكەش لەگەڵیدا یارمەتی جیابوونەوەی ترشە چەوری دەدات كە ئەویش لەگەڵ ئایۆنی هایدرۆجیندا یەكدەگرێت و خوێیەك پێكدەهێنێت، ئەم خوێیە بەشە بنەڕەتییەكەی سابوونە كە لەگەڵ چڵك و چەوری و بەكتریا یەكدەگرێت، بەم شێوەیە كرداری پاككردنەوە ئەنجام دەدات. تاكو سابوونی ئاسایی ببێتە دژەبەكتریا، مادەیەكی تری بكوژی میكرۆبی تێدەكرێت. پێویستە كە سابوونی دژەبەكتریا بۆ ماوەی دوو خولەك لەسەر پێستدا جێ بهێڵرێت ئینجا كاری خۆی دەكات. پێستی هەموومان هەزارەها بەكتریای لەسەرە، شووشتنی پێست بە سابوونی دژەبەكتریا ئەگەرچی بەكتریا لەناودەبات بەڵام پێست تەنیا بۆ ماوەیەكی دیاریكراو لە بەكتریا پاك دەبێتەوە، ئینجا پاش ماوەیەك دووبارە رووی پێست پڕدەبێتەوە لە بەكتریا، زۆر جاریش بە تێپەڕبوونی كات بەكتریا بەرگری بەرانبەر بەم جۆرە سابوونانە پەیدا دەكات. لەوانەیە كە هەندێك لەو بەكتریایانەی سەر پێست لە راستیدا وەكو بەكتریای ریخۆڵە سوودبەخش بن بەوەی كە ئارەقە شیبكەنەوە و رێگا بگرن لە بەردەم بەكتریای زیانبەخش كە دەگەنە پێست. سابوونی دژەبەكتریا هەرگیز ڤایرۆس لەناو نابات، بە هەرحاڵ، تا ئێستا ئەمە نەسەلمێنراوە كە شووشتن بە سابوونی دژە بەكتریا لە شووشتن بە سابوونی ئاسایی باشتر بێت، بەڵام ئامۆژگاری دەكرێت كە هەفتانە جارێك بە سابوونی دژەبەكتریا خۆت بشۆیت.