كۆكەكەڕەشە

كۆكەكەڕەشە
كۆكەڕەشە Whooping Cough هەوكردنێكی بەكتریایی بەشی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسەیە، زۆر بە خێرایی دەگوازرێتەوە، لەپاش نۆرەكانی كۆكەدا دەنگێكی تیژ Whoop لەگەڵ هەناسەوەرگرتندا پەیدا دەبێت. هەرزەكار و پێگەیشتووان پاش تووشبوون زوو لە كۆكەڕەشە بە تەواوی چاك دەبنەوە، بەڵام لە منداڵدا مەترسیی هەیە بەتایبەتی لەژێر تەمەنی 6 ساڵیدا. نیشانە سەرەتاییەكانی كۆكەڕەشە لە نیشانەكانی هەڵامەت دەچن وەكو زیادبوونی دەردراوی لووت، پژمین، سووربوونەوەی چاوەكان، كۆكەیەكی سووك، تایەكی سووك. پاش 1-2 هەفتە، كۆكەی توند و دەنگ لەگەڵ هەناسەوەرگرتندا دەستپێدەكات لەگەڵ هەناسەڕاوكێ لە نێوان نۆرەكانی كۆكەدا. لە زۆربەی حاڵەتەكاندا كۆكە هێندە سەخت و توند دەبێت كە لەوانەیە ببێتە هۆی رشانەوە یان شكانی پەراسوو و هەتا پەركەم و كەمبوونەوەی رێژەی شلەی لەش Dehydration. نۆرەكانی كۆكە زیاتر لەكاتی شەودا سەرهەڵدەدەن و خەوی تووشبوو دەشێوێنن، لە بەینی نۆرەكاندا نەخۆش هیچ گرفتێكی نییە. هەوكردنی شانەكانی سییەكان یەكێكە لە ئاڵۆزییەكانی كۆكەڕەشە و مەترسی دەخاتە سەر ژیانی تووشبوو. گەلێك جار لەوانەیە كە چارەسەركردنی كۆكەڕەشە ئاسان نەبێت، بەهەرحاڵ، دەرمانی دژەژی یەكەم هەنگاوی چارەسەرە لەگەڵ هەندێك دەرمان بۆ دابەزاندنی تا و سووككردنی كۆكە. لە بنكە تەندروستییەكانی هەرێمدا و لە بەرنامەی كوتاندا، كوتان دژی كۆكەڕەشە هەیە بۆ منداڵ بە شێوەی كوتانی سیانی یان DPT و بەرگریییەكی باش پەیدا دەكات.
Top