خەمۆكی لە هەرزەكاردا Teenage depression تا رادەیەك جیاوازی هەیە لەگەڵ خەمۆكی پێگەیشتووان. هەرزەكار جگە لە هەستكردن بە ناڕەحەتی Irritability، لەوانەیە كە ئارەزووی پێشانی بۆ هەموو چالاكییەكان نەمێنێت كە لە رابردوودا زۆر بە گوڕ ئەنجامی دەدان، لەوانەیە كە دەستبكات بە بەكارهێنانی هەندێك جۆری دەرمان. هەوڵی هەرزەكاری خەمۆك بۆ خۆكوشتن یان خۆلەناوبردن زۆرجار دەگاتە خۆكوشتنی تەواو Complet suicide، مەترسیی خەمۆكی هەرزەكار لێرەیە كە لە هەموو حاڵەتەكاندا بە بێ هیچ نیشانەیەكی ئەلارم یان ئاگاداركردنەوە كارەكە بەبێ بیركردنەوەی قووڵ ئەنجام دەدات. بەگشتی لە هەرزەكاردا پەیدابوونی زیپكەی گەنجێتی Acne vulgaris ئەگەری تووشبوون بە خەمۆكی زیاد دەكات. گرنگترین نیشانەكانی خەمۆكی لە هەرزەكاردا بریتین لە: دواكەوتن لە ئەركەكانی قوتابخانە، بەردەوام باسكردن لە بوونی گرفت لە تەندروستی جەستەییدا زیاتر بە شێوەی سەرئێشە و ئازاری گەدە، هەستكردن بە بێزاری بە شێوەیەكی بەردەوام. لە هەرزەكاری تووشبوو بە خەمۆكی لەوانەیە كە هەندێك لە نیشانە تایبەتەكان بە خەمۆكی پێگەیشتووان دەركەون وەكو گۆڕان لە لایەنی خۆراكی و ئارەزووی خواردندا، گۆڕان یان گرفت لە خەودا، زیادبوون یان كەمبوونی كێشی لەش، هەستكردن بە ماندووبوون و ناچالاكیی هزری و بەدەنی.