نەخۆشی شەكرەی دووگیانی

نەخۆشی شەكرەی دووگیانی
شەكرەی دووگیانی Gestational diabetes واتە تووشبوون بە شەكرە تەنیا لەكاتی دووگیانیدا و نەمانی نیشانەكان راستەوخۆ لەپاش منداڵبوون. بەپێی توێژینەوەكان لەوانەیە نیوەی ئەو ئافرەتانەی كە دوچاری شەكرەی دووگیانی دەبن لە پاشەڕۆژدا ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم لێدەكرێت. شەكرە پەیدا دەبێت لەوكاتەی كە لەش چیتر هۆرمۆنی ئینسولین بەرهەم ناهێنێت یان بە باشی ئینسولین بەكارناهێنێت، ئەو هۆرمۆنەی كە پێویستە بۆ خانە بە مەبەستی گۆڕینی شەكر و نیشاستە بۆ وزە بۆ ژیانی رۆژانە. ئەو هۆرمۆنانەی كە لە وێڵاش دەردەدرێن بۆ هێشتنەوە و بەردەوامبوونی دووگیانی وا لە هەموو خانەكانی لەش دەكات كە بەرگری بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین بنوێنن، بەمەشەوە شەكری گلوكۆز كەمتر دەچێتە ناو خانەكان و رێژەكەی لە خوێندا بەرزدەبێتەوە، لە 3 مانگی كۆتایی دووگیانیدا رێژەی دەردانی هۆرمۆنەكانی وێڵاش زیاد دەكات، بۆیە ئەگەری سەرهەڵدانی نەخۆشیی شەكرەی دووگیانی لەم مانگانەدا زیاتر دەبێت. هۆكارە هاندەرەكان بۆ تووشبوون بە شەكرەی دووگیانی بریتین لە: كێشی زیاد و قەڵەوی، بوونی مەیلی خێزانی بۆ نەخۆشیی شەكرە، بوونی منداڵێك بە مردوویی یان بە قەبارەیەكی گەورە لە دووگیانی رابردوودا، مێژووی بەرگەنەگرتنی شەكر. ئەگەرچی نەخۆشیی شەكرەی دووگیانی لە زۆربەی ئافرەتە دووگیانەكاندا بێ نیشانەیە، بەڵام لەوانەیە كە تووشبوو دوچاری هەستكردن بە تێنوبوون و زوو میزكردن بێت. بەهەرحاڵ، لەوانەیە كە ئافرەتی دووگیان لە ئەنجامی شەكرە تووشی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بێت بە درێژایی مانگەكانی دووگیانی لەگەڵ مەترسی گەورەبوونی قەبارەی كۆرپە كە زۆر جار پێویست بە نەشتەرگەری قەیسەری دەكات. پارێزی خۆراك، مەشقی وەرزشی، لە هەندێك حاڵەتیشدا بەكارهێنانی دەرزی ئینسولین گرنگترین هەنگاوەكانی چارەسەركردنن.
Top