هۆكارەكانی نەخۆشییە دەروونییەكان

هۆكارەكانی نەخۆشییە دەروونییەكان
ئەگەرچی هۆكاری تەواوی زۆربەی نەخۆشییە دەروونییەكان نەزانراوە، بەڵام بەگشتی هۆكاری بۆماوەیی و بایۆلۆژی و دەوروبەر رۆڵیان هەیە لە تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەكان. هۆكاری بۆماوەیی Genetics رۆڵی هەیە لە تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەكان، توێژەرەوەكان دەڵێن بوونی ناڕێكی لە چەندین جینی سەر كرۆمۆسۆمەكان هۆكاری راستەقینەیە بەتایبەتی بە بوونی فاكتەری دیكەی وەكو سترێس، روودانی كارەسات. هەندێك جۆری هەوكردن Infection كاریگەریی خراپ دەكەنە سەر شانەكانی مێشك و دەبنە ئەگەری نەخۆشیی دەروونی بەتایبەت لە منداڵاندا. زەبر بۆ مێشك لەكاتی لەدایكبوون یان هەر كاتێك پاش لەدایكبوون، سەقەتی زگماكی لە هەندێك شوێنی مێشكدا هۆكاری دیكەن لەپاڵ تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەكان. بەدبەكارهێنانی دەرمان Substance abuse بۆ ماوەیەكی زۆر ئەگەری تووشبوون بە پەستی و خەمۆكی زیاد دەكات، هەروەها لەوانەیە كە بەدخۆراكی و ژاراویبوون بە كانزای قوڕقوشم هۆكاری دیكە بن. بەدمامەڵە لە خێزان، توندوتیژی، ئازاری جەستەیی، بەدمامەڵە و تەجاوزی سێكسی، فەرامۆشكردنی یەكێك Neglect بەتایبەتی لە خێزاندا، گرفت لە دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ كەسانی دیكەدا. هۆكارە یارمەتیدەرەكانیش بریتین لە: مردنی یەكێكی نزیك، تەڵاق، گۆڕینی قوتابخانە یان شوێن و جۆری كار، باوەڕ بەخۆنەبوون، هەستكردن بە بێ بەهایی، نیگەرانی، تووڕەبوون، تەنیایی، كەمیی قەناعەت، بەكارهێنان و راهاتن لەسەر دەرمان و ئەلكهول.
Top