لەوانەیە كە هەر یەكێك منداڵ یان پێگەیشتوو بە خواردنی هێلكە دوچاری هەستەوەری بێت. هەستەوەری بەرانبەر بە هێلكە Egg allergy بە دووەم باوترین جۆری هەستەوەری خۆراك دەژمێردرێت بەتایبەتی لە منداڵاندا، نزیكەی 1.5-3.2%ی منداڵان بە خواردنی هێلكە تووشی هەستەوەری دەبن. ئەم مەسەلەیە لە منداڵان گرنگی زۆری هەیە چونكە پێكهاتەكانی هێلكە بەشدارن لە پێكهاتەكانی چەندین جۆری ڤاكسین Vaccines یان كوتانی منداڵاندا. هۆكاری هەستەوەرییەكە زیاتر بۆ پرۆتینی هێلكە دەگەڕێتەوە، جا هەر خۆراكێكی دی كە بە هێلكە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت وەكو كێك و كرێم دەبێتە هۆی پەیدابوونی هەستەوەری، نیشانەكانی هەستەوەری بەرانبەر بە خواردنی هێلكە بریتین لە: خورشت، سووربوونەوەی پێست یان پەیدابوونی خاڵی سوور یان بڵۆقی سوور لەسەر پێستدا، ئازاری گەدە، لەوانەیە سكچوون یان رشانەوە، هەستكردن بە توندبوون لە قوڕگدا، ویزە Wheezing لە سینگدا. لەوانەیە نیشانەكان پاش هەر جارێكی خواردنی هێلكە جیاوازییان هەبێت، هەروەها لەكاتی خواردنی سپێنە یان زەردێنە بە جیا. هەستەوەریی توند و كاردانەوەی بەهێزی لەش Anaphylaxis بەرانبەر بە هەندێك خۆراك لە هەندێك كەسدا روودەدات، بەڵام لە حاڵەتەكانی هەستەوەری بەرانبەر بە هێلكە زۆر بەكەمی بەدی دەكرێت.